پارێزگای هەولێر: سبەی پێنجشەممە پشوو نییە

دیمەنی شەقامێکی هەولێر لەکاتی بارانباریندا. فۆتۆ: AA
دیمەنی شەقامێکی هەولێر لەکاتی بارانباریندا. فۆتۆ: AA

پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت "سەبارەت بەو شەپۆلە بارانبارینەی ناوچەکەی بەگشتیی گرتووەتەوە، دواى هەڵسەنگاندنی رەوشەکە و دیراسەکردنی لایەنی پەیوەندیدار، سبەینێ پێنجشەممە 2024.2.15، پشوو نییە و لەسەرجەم دامو دەزگا و فەرمانگەکانی سنووری پارێزگاکەمان دەوام ئاساییە".

لە روونکردنەوەیەکدا پارێزگای هەولێر هۆکاری رانەگەیاندنی پشوو دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی:

لەماوەى ساڵانى رابردوو و بەر لەوەرزى بارانبارینى ئەمساڵ، لەپێناوى روونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى، هەموو رێکارێک لە پاککردنەوەى (رێرەوەکانى ئاوى سروشتیى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكانی ناوشار) گیراوەتەبەر و پڕۆسەکەش تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

پارێزگای هەولێر دەڵێت: "سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگاکان (شارەوانی، بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی، تیمەکانی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی) لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو.

لەکۆتاییدا پارێزگای هەولێر ئەوەی ئاشکرا کردووە "دواى ئه‌و هەموو هەوڵ و کارانە کە لە ئێستا و لە رابردوودا بۆ بەرگرتن لە لافاو و روونەدانی دراوە، بەپێویست نازانرێت سبەی بکرێتە پشوو".

پێشتریش فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکیدا رایگەیاند: "سبەی پێنجشەممە، بارانی بەخوڕ بە هەورەتریشقە و باوە، لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەبارێت".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت: "لەو ناوچانەی نزمن و ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو هەیە، هاونیشتمانی دەبێت دوور بکەوێتەوە".

لە خاڵیکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "بۆ دووربوون لە هەورەتریشقە، سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکرێت."

ئاماژە بەوەشکراوە، لەڕێگە سەرەکییەکان هاونیشتمانی دەبێت هۆشیار بێت و گەر زۆر پێویست نەبێت رێگە بەکار نەهێنرێت.

لە رۆژی چوارشەممە 14ی شوباتەوە، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ، هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە و لایەنی پەیوەندیدار هۆشداریی دەدات لە ئەگەری روودانی لافاو.