گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ: بارانی پێویست بۆ کشتوکاڵ باریوە
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی ئەو بڕە بارانبارینە زۆرەی ئەمساڵ و کۆکردنەوەی ئاوێکی زۆر، چاوەڕواندەکرێت بەرهەمی کشتوکاڵی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو باشتربێت.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ی راگەیاند، "لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵدا بارانی پێویست بۆ کشتوکاڵ باریوە و بەگوێرەی پێشبینییەکانیش لەم مانگە و مانگەکانی دیکەش بارانبارین بەردەوامی دەبێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت بەرهەمی کشتوکاڵی ئەمساڵ زۆرباش بێت".
گوتیشی، لە وەرزی بارانبارینی 2023 بۆ 2024 ، بەراورد بە وەرزی پێشتر کۆکردنەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان 500 ملیۆن مەتر سێجا زیادیکردووە، لەکاتێکدا هێشتا وەرزی بارانبارین کۆتایینەهاتووە و رێژەکە زیاتر دەبێت.
لەبارەى دۆخی کشتوکاڵیش لە گەرمیان، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند، گەرمیان بەشێوەیەکی سروشتی خۆی ناوچەیەکی کەم ئاوە، هەرچەندە رێژەی بارانبارینی بەراورد بە ناوچەکانی دیکە کەمترە، بەڵام بەراورد بەساڵی رابردوو دۆخەکە لە گەرمیانیش باشترە.
15/02/2024