زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە بەرازیل توشی تای دێنگ بوون

کارمەندێکی تەندروستی دەرمانی قڕکەری مێشوولە بڵاودەکاتەوە..فۆتۆ: AP
کارمەندێکی تەندروستی دەرمانی قڕکەری مێشوولە بڵاودەکاتەوە..فۆتۆ: AP

لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی کەرنەڤاڵی ریۆ دی جانیریۆی بەڕازیلدا، تای دێنگ  بەرۆکی شارەکەی گرتووە و ژمارەیەکی زۆری حاڵەتی لێ تۆمارکراوە.

تای دێنگ هۆکارەکەی ڤایرۆسێکە کە لەرێگەی مێشوولەوە دەگوازرێتەوە و زیاتر لە ناوچە کەمەرەییەکانی جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

شاری ریۆ، بەهۆی ئەوەی گەرم و باراناوی و شێدارە، ناوچەیەکی لەبارە بۆ زۆربوونی ئەو مێشوولەیەی کە دەبێتەهۆی گواستنەوەی ڤایرۆسی تووشکەری نەخۆشییەکە.

ئەسیل ماکیێڵ، بەرپرسی رووپێوی و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستیی بەرازیل، بە ئەسۆشیەیتپرێس-ی وتووە "هیچ مانگی یەکێک هێندەی مانگی یەکی ئەمساڵ ژمارەی تووشبووی دێنگمان وا زۆر نەبووە".

بەرازیل ئەمساڵ 512 هەزار حاڵەتی نەخۆشییەی تۆمارکردووە، کە چوار هێندەی ئەوەیە ساڵی پار لە هەمان ماوەدا تۆمارکرابوون.

شاری ریۆ 10 سەنتەریی فریاگوزاریی خێرای بۆ چارەسەرکردن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەی داناوە، هەروەها بە بەکارهێنانی دووکەڵی قڕکەری مێشوولە،  بەردەوام شارەکە پاکدەکرێتەوە و بەدواداچوون بۆ شوێنەکانی کۆبوونەوەی ئاو دەکرێت، چونکە گۆماوە راوەستاوەکان گونجاوترین جێگان بۆ مێشوولەکان بۆ دانانی هێلکەکانیان.