بافڵ جەلال تاڵەبانی: نامانەوێت خاکەکەمان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سێیەمین رۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ ستیفن بیگن، جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جێگری سەرۆکی کۆمپانیای بۆینگ کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی یەکێتی، "لە کۆبوونەوەکەدا بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریکارییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و ئەمریکا جەختیلێکرایەوە لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و کارکردنی پێکەوەیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکاندا"
بافڵ جەلال تاڵەبانی گوتووشیەتی " هەوڵەکانی یەکێتی لەپێناو پاراستن و دوورخستنەوەی وڵاتە لە ململانێکان، نامانەوێت خاکەکەمان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان و ئاسایشی خەڵکەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە".
لەبەرامبەردا ستیفن بیگن بەڕێزەوە هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلالی بۆ پاراستنی تەبایی و ئاسایشی عیراقی وەبیرهێناوەتەوە و گوتوویەتی "خۆشبەختم لە سەردانەکانمدا بۆ عێراق لە نزیکەوە سەرۆک مام جەلالم بینیووە و گفتوگۆمان لەبارەی پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکە کردووە"
18/02/2024