قوباد تاڵەبانی: رێگەنادەین هیچ کەسێک کێشە بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران دروست بکات

سەردانیکردنى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ژوورى بازرگانیى سلێمانى. 
فۆتۆ: نوسینگەى رۆژنامەوانى قوباد تاڵەبانى
سەردانیکردنى قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ژوورى بازرگانیى سلێمانى. فۆتۆ: نوسینگەى رۆژنامەوانى قوباد تاڵەبانى

قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانی ژووری بازرگانی پارێزگای سلێمانی کرد و پشتگیری خۆی بۆ دووپاتکردنەوە و رایگەیاند "رێگەنادەین هیچ کەس و لایەنێک کێشە بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران دروست بکات".

لە راگەیەندراوێکى نوسینگەى رۆژنامەوانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە "قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی هەڵبژاردنیانەوە پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی نوێی ژووری بازرگانی سلێمانی کرد و هیوایخواست رۆڵی گرنگ ببینن لە گەشەپێدانی سلێمانی و زیادکردنی جوڵەی بازرگانی و بووژانەوەی بازاڕدا".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "پاش گوێگرتن لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم بازرگانان و وەبەرهێنەران، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە هەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەری یاسا کرد و دڵنیایی پێدان کە چیتر بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن هیچ کەس و لایەنێک لەرێگەی سەرانەوەرگرتن و یان هەر هەوڵێکی هاوشێوەی دیکە کێشە و گرفت بۆ وەبەرهێنەر و بازرگانان دروست بکات".

لەراگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "قوباد تاڵەبانى گوتویەتى :  ستراتیژی ئێمە بەهێزکردنی کەرتی تایبەتە، هەربۆیە بە هەموو تواناوە پشتگیری بازرگان و وەبەرهێنەران دەکەین و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت راسپێردراون هەموو جۆرە کارئاسانییەک بکەن لەپێناو کەمکردنەوەی رۆتین لەبەردەم کارەکانیان".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "لەکۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوایکرد ژووری بازرگانی سلێمانی رۆڵ ببینێت لە هاندانی سەرمایەدار و وەبەرهێنەران تا زیاتر لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و گەشتوکاڵدا وەبەرهێنان بکەن، چونکە رێگەی راستەقینەی گەشەسەندنی کوردستان لە وەبەرهێنان لەو کەرتانەدایە و زۆرترین هەلیکاریش هەر لەم کەرتانەدا بۆ گەنجان دەڕەخسێت و ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت".