خۆراکی پەلکەزێڕینەیی بخۆین؟

وێنەی ژەمێکی خۆراک لە کانتینێکی قوتابخانەیەک لە ئەڵمانیا. فۆتۆ: AP
وێنەی ژەمێکی خۆراک لە کانتینێکی قوتابخانەیەک لە ئەڵمانیا. فۆتۆ: AP

کاتێک باسی خۆراک دەکرێت، پسپۆڕان دەڵێن گرنگە خۆراکی هەمەچەشن بخورێت، خۆراک دەبێت پرۆتینی تەندروست، دانەوێڵەی تەواو، سەوزە و میوەی تێدابێت. ئێستا لە زانستی پزیشكیدا لایەنێکی دیکەی خۆراکەکان هاتوونەتە ئاراوە، ئەویش رەنگی خۆراکەکانە! پسپۆڕان دەڵێن کە دەوڵەمەندکردنی ژەمەکان بە رەنگی جۆراوجۆر وادەکەن خۆراکێکی تەندروستتر بخۆین.

پسپۆڕانی خۆراک کاتێک دەیانەوێت بە خەڵک بڵێن سفرەی خوانەکانیان رەنگاورەنگ بکەن، لەوانەیە بڵێن "با خواردنەکەت وەکو پەلکەزێڕینە وابێت"، واتە ئەو خۆراکانەی کەسەکە دەیخوات دەبێت وەکو پەلکەزێڕینە حەوت رەنگی سەرەکی تێدابێت. پسپۆڕان دەڵێن بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە وادەکات خۆراکی هەمەچەشن و تەندروست بخورێت و چەندین سوودی تەندروستی بە کەسەکە بگات، واتە نەک تەنیا کەسەکە وزەیەکی باش لەو خۆراکانەوە وەردەگرێت، بەڵکو خۆراکی پەلکەزێڕینەیی دەبێتەهۆی رێگریکردن لە چەندین نەخۆشیی مەترسیدار.

بۆ هەر رەنگێکی پەلکەزێڕینە چەند میوە و سەوزەیەکی تایبەت هەن کە دەتوانن قاپ و سفرە دەوڵەمەندبکەن:

سوور

تەماتە، چەوەندەر، تووەکان، گێلاس و بیبەری سوور دەوڵەمەندن بە دژەئۆکسێنەکان و ئەو ماددە خۆراکییانەی کە هەوکردنی جەستە کەمدەکەنەوە و وادەکەن مرۆڤ سیستمێکی بەرگریی تەندروستی هەبێت. لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە کە تەماتە چەند ماددەیەکی تێدایە بەرەنگاری ئەو بەکتریایانە دەبنەوە کە دەبنەهۆی سکچوون و رشانەوە. توێژینەوەکان زیاتر ئاماژە بەوەدەدەن کە ئەم سەوزە و میوانە بە فرێشی بخورێن، چونکە بە فرێشی زۆرترین پێکهاتەی خۆراکیی سوودبەخشیان تێدایە.

پرتەقاڵی

گێزەر، پەتاتەی شیرین، قەیسی و بێگومان پرتەقاڵ خۆیشی، کۆمەڵێک پێکهاتەیان تێدایە بەناوی کارۆتینۆیدەکان. ئەم ماددانە جیا لەوەی کە رەنگ دەبەخشنە ئەو جۆرە میوە و سەوزانە، دژەئۆکسێنن و چەند سوودێکی دیکەیان لە جەستەدا هەیە، بەتایبەت لە رێکخستنەوەی هۆرمۆنەکانی جەستە و پاراستنی تەندروستیی ئەندامەکانی زاوزێ، بەتایبەت لە خانماندا. هەندێک توێژینەوە باس لەوە دەکەن کە سەوزە و میوە پرتەقاڵییەکان وادەکات خانمان درەنگتر لەسووڕبچن.

زەرد

زەنجەفیل، لیمۆ، هەرمێ، ئەنەناس و سێو دەکەونە ئەم کۆمەڵەیەوە، دەوڵەمەندن بە دژەهەوکردنەکان و رێژەی شەکری خوێن رێکدەخەن، زەنجەفیل یارمەتیی قەبزی دەدات و وادەکات خۆراک خێراتر بە رێرەوی هەرسدا تێببپەڕێت.

سەوز

پسپۆڕان دەڵێن ئەم رەنگە گرنگترین رەنگی سەر سفرەیە. سەوزە گەڵاپانەکانی وەکو سپێناخ، کەلەرم و کاهو، هەروەها برۆکلی و کولەکە کۆمەڵێک ماددەیان تێدایە کە بەگوێرەی توێژینەوەکان تەندروستیی دڵ دەپارێزن. سەوزەکان کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر بۆرییەکانی خوێن هەیە و فشاری خوێن کەمدەکەنەوە.

شین و وەنەوشەیی

لە هەندێک کولتووری جیهاندا رەنگی شین وەکو هێمایەک بۆ خەم دادەنرێت، بەڵام لە خۆراکناسیی پزیشکیدا شین دژی خەمە. ئەو سەوزە و میوانەی کە شێن و وەنەوشەیین، نەک تەنیا بە دژەئۆکسێنەکان دەوڵەمەندن، بەڵکو دەرکەوتووە کە کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر دەروون و مێشک هەیە.  تووەشینە، تووتڕک، هەنجیری رەش، هەڵوژە و باینجان سەر بەم کۆمەڵەیەن.

سپی

هەرچەندە ئەم رەنگە زۆر درەوشاوە نییە، بەڵام خۆراکێکی گرنگی تێدایە کە چەندین سوودی هەیە، ئەوەش سیرە. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە سیر ماددەی دژەزیندەیی و دەژەشێرپەنجەیی تێدایە، سەرەڕای ئەمە دەکرێت تامێکی بەچێژ بدات بە ژەمە سەرەکییەکان.

لەکۆتاییدا پسپۆڕان دەڵێن کە گرنگە تەنیا گرنگی بە ژماردنی کالۆرییەکان نەدرێت و ژەمەکان بە خۆراکی تەندروست و هەمەچەشن دەوڵەمەندبکرێن.