روفاتى 172 ئەنفالکراو لە مۆنۆمێنتى ئەنفال لە چەمچەماڵ بەخاکدەسپێردرێن
هابیل حاجى ئەحمەد، بەڕێوەبەرى مۆنۆمێنتى ئەنفال لە چەمچەماڵ، بە کەناڵ8ى راگەیاند، سبەینێ چوارشەممە، 21ی شوبات، کاتژمێر10، رووفاتەکان لە گۆڕستانى مۆنۆمێنتى ئەنفال لە چەمچەماڵ بەخاکدەسپێردرێن.
گوتیشى: "بانگهێشتنامە بۆ سەرجەم بەرپرسانى باڵاى عێراق و کونسوڵخانە و باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان نێردراوە، تاوەکو ئامادەى بەخاکسپاردنى رووفاتى ئەنفالکراوان بن و ئاگادارى جینۆسایدکردنى گەلى کورد بن".
بەڕێوەبەرى مۆنۆمێنتى ئەنفال لە چەمچەماڵ، کە هاوکات ئەندامى لیژنەى باڵاى سەرپەرشتیارى مەراسیمەکەیە، ئەوەشى راگەیاند "ئامادەکارییەکان بۆ بەخاکسپاردنى روفاتى ئەنفالکراوان کۆتاییپێهاتووە و سبەینێ بەخاکدەسپێردرێن".
گوتیشى: "چوار رۆژە هەڵمەتى وەرگرتنى نموونەى خوێن لە کەسوکارى ئەنفالکراوان دەستیپێکردووە و تیمێکى پزیشکى بۆ ماوەى شەش رۆژ نموونەى خوێن لە کەسوکارى ئەنفالکراوان وەردەگرن و دواتر لەڕێگەى پشکنینى دى ئێن ئەى، لەگەڵ رووفاتەکاندا بەراورد دەکرێت و رووفاتەکان دەناسرێنەوە".
لە ئاداری ساڵی 2019دا رووفاتى 172 ئەنفالکراو لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانى بیابانی سەماوە دۆزرانەوە و تاوەکو 13ی کانوونی دووەمی 2024، لەسەر راسپاردەى شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق لە پزیشکی دادوەریی بەغدادەوە، گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
20/02/2024