وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازکراوە

بینای پەرلەمانی کوردستان فۆتۆ: سایتی پەرلەمانی کوردستان
بینای پەرلەمانی کوردستان فۆتۆ: سایتی پەرلەمانی کوردستان

سەرچاوەیەک لە كۆمیسیونی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سەرەتای مانگی حوزەیران وەکو وادەی پێشنیازکراو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە
سەرچاوەیەکى باڵاى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ى راگەیاند، سەرۆکى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق و شاندێکى کۆمیسیاران، لەگەڵ شاندێکى سەرۆکایەتى هەرێم کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازیانکردووە، سەرەتاى مانگى حوزەیران هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەبچێت.
سەرچاوەکە گوتیشى، دیاریکردنی وادەکە لەسەر پێشنیازی کۆمیسیۆن بووە و سەرۆکایەتی هەرێمیش رەزامەندبووە و سەرۆکایەتى هەرێمیش بە پێشنیازەکە رازیی بوون.
باسى لەوەشکرد، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەینێ 21ى شوبات، دادگای باڵاى فیدراڵی عێراق بڕیار لە بارەی سکاڵاکانى سەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەدات و دواى بڕیارەکەش سەرۆکایەتى هەرێم لەگەڵ حیزب و لایەنەکان کۆدەبێتەوە بۆ رێککەوتن لەسەر دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردن، کە سەرەتاى مانگى حوزەیران دەبێت.
بەگوێرەى یاسا، دواى دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردن، پێویستە سەرۆکى هەرێم مەرسوومى هەرێمى دەربکات و رۆژەکە بە رێککەوتن لەگەڵ کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق جێگیربکرێت.
بەهۆى هەڵپەساردنى کارەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە، کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات.
پێشتر سەرۆکایەتى هەرێم دوو وادەى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکردبوو، بەڵام بەهۆى سەرقاڵبوونى کۆمیسیۆن بە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق و رێکنەکەوتنى لایەنەکان هەڵبژاردن لەو وادانەدا نەکرا و بەمەش زیاتر لە ساڵێک و پێنج مانگە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دواکەوتووە.