شۆپنهاوەر.. هزرێکی روون لە هەناوی رەشبینییدا

یەکێکە لە دیارترین بیرمەندەکانی ئەڵمانیا و جیهان، بە خاوەن گۆشەنیگای پڕ لە نائومێدیی بەرامبەر بە سروشتی مرۆڤ ناسراوە، ئارسەر شۆپنهاوەر، لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، رێکەوتی 22ی شوباتی 1788، لەدایکبووە.

شۆپنهاوەر، لە خێزانێکی ئەڵمانیی وڵاتی پۆلەندا لەدایکبووە، باوکی بازرگان بووە، دایکیشی بە نووسینەوە سەرقاڵ بووە، ساڵی 1793 لە تەمەنی پێنج ساڵییدا، لەگەڵ خێزانەکەی، روو دەکەنە شاری هامبۆرگ لە ئەڵمانیا، لە تەمەنی 17 ساڵییدا باوکی بە کردەیەکی خۆکوژیی، دەمرێت، دایکی پەروەردەکاری بووە، لەسەر دەستی بیرمەند، فرانز پاسۆ، زانستە کلاسیکییەکان فێردەبێت، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کاتدا، شارەزاییەکی تەواو لە زمانەکانی یۆنانی و لاتینییدا پەیدادەکات.

ساڵی 1809، شۆپنهاوەر لە زانکۆی گۆتینگن دەست بە خوێندن دەکات لە بەشی پزیشکی، لە سایەی گۆتلۆب ئێرنست شولز، ئاراستە فەلسەفییەکەی بۆ دیارییدەکرێت و بە بیرۆکەکانی ئەفلاتون و ئیمانوێل کانت، کاریگەر دەبێت، ئایدیۆلۆجیاکانی، لەسەر دونیابینیی ئەم دوو بیرمەندە، جۆشدەکات.

1813، لە تەمەنی 31 ساڵییدا، لە زانکۆی جێنا، پلەی دکتۆرا لە فەلەسەفەدا بەدەستدەهێنێت و بڕیاردەدات بگەڕێتەوە بۆلای دایکی، کە خاوەنی ساڵۆنێکی ئەدەبیی بووە و لەلایەن چەندین کەسایەتیی دیاری ئەدەبیی ئەو سەردەمە، سەردانییکراوە، لە دیارترینیان، یۆهان وڵفگانگ فان گۆتە، کە لە سایەی کارەکانی شۆپنهاوەرەوە، کتێبی، "On Vision and Colours" بڵاودەکاتەوە.

شۆپنهاوەر، لە تەمەنی 34 ساڵییدا، دیارترین کتێبی خۆی بەناوی "جیهان وەکو ویست و بیرۆکە"، بڵاودەکاتەوە، کە بوو بە هەوێنی گۆڕانکاریی و کاریگەرییەکی گەورە لەسەر بیرۆکە ئابورییەکان، ئەم کتێبەی بە چوار بەرگ بڵاوکردووەتەوە و ناوبانگی پێ پەیدادەکات،بەچەشنێک، شۆپنهاوەر بەرەو ئاستی باڵایی فەلسەفە دەبات و دەیکات بە بیرمەندێکی نەمر.

ساڵی 1820، لە زانکۆی بەرلین، دەست بە گوتنەوەی وانەی فەلسەفە دەکات، کە راستەوخۆ بەرەنگاری بیرۆکەکانی هیگڵ دەبێتەوە، بەمەش کێبڕکێی و ئاڵنگارییەکی سەختی بیرمەندانە دەخولقێنێت و بەردەوام لە ئەکادیمیا دووریدەخاتەوە، کە لە ئاستی پرسی مێتافیزیک و سەروو سروشتییدا، دژی یەکتریی بوون.

شۆپنهاوەر دەڵێت: "سەختە، خۆشبەختیی لە ناختدا بدۆزیتەوە، بەڵام ئەستەمە، لە شوێنی دیکەدا بیدۆزیتەوە"، ئاماژە بەوەش دەدات: "ئەوەی بۆ گەمژەکان دەنووسێت، دڵنیایە لە جەماوەرێکی گەورە".

شۆپنهاوەر قۆناغی کۆتایی ژیانی، کە بە 30 ساڵ مەزەندە دەکرێت، لە شاری فرانکفۆرت بەسەردەبات، بەتەنهایی و هاوشانی پشیلە و سەگەکانی دەژی، ساڵی 1847، لە تەمەنی 57 ساڵییدا، ڤێرژنێکی نوێ، لە نووسراوە سەرەتاییەکانی بڵاودەکاتەوە، پاشان بیرۆکەکانی بە ئاراستەی دژ بە ژنان بەکاردەهێنێت و لە سایەی نووسراوی "On Women"، ژن بە بونیادێکی لاواز دەچوێنێت، کە توانای بریاردانی نییە لە ئاستی هزرییدا، هاوکات چەندین بیرۆکە، سەبارەت بە هەڵچوونی تەمەن دەنووسێت.

شۆپنهاوەری نائومێد بە ژیان، لەماوەی ژیانی بیرمەندیی خۆیدا، دەیان بەرهەم و کتێبی کاریگەری نووسیوە، لە دیارترین بەرهەمەکانی:

جیهان وەکو ویست و بیرۆکە

سەبارەت ژنان

هونەری راستبوون

حیکمەتی ژیان

مێتافیزیکی خۆشەویستی سێکشواڵی

سەبارەت بە نائومێدی

رێکەوتی 21ی ئەیلولی 1860، لە تەمەنی 72 ساڵییدا، بەهۆی نەخۆشی دڵەوە، کۆچیدوایی دەکات.