ژیریی دەستکرد مەترسی لەسەر هۆڵیوود دروستکردووە
هەفتەی رابردوو، کۆمپانیای بواری بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرد، OpenAI، بە راگەیاندنی سەکۆیەکی نوێی ژیرییەکەیان، بەناوی Sora، سەرنجی جیهانیان بەلای خۆیاندا راکێشا، کە راستەوخۆ، دەتوانێت پیشەسازیی فیلم بخاتە مەترسییەوە.
سۆرا، نوێترین داهێنانی کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای بواری بەرەوپێشبردنی ژیریی دەستکردە، کە لەڕێگەی پێدانی فەرمانی نووسراوەوە، دەتوانێت ڤیدیۆ دروستبکات و لە ئاستی کواڵیتی و ناوەڕۆکدا، بەرەوپێشچوونێکی گەورە و وەرچەرخانێکی مێژوویی لە بوارەکەدا خولقاندووە.
هەر زوو، فیلمساز و سینەماکاران کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر ئەم ژیرییە دەربڕی، بەشێکیان بە مەترسیی سەرەکیی سەر پیشەسازیی فیلم و بەرهەمهێنان لێکیاندایەوە، بەشێکیشیان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەم ژیرییە ناتوانێت بە ئاسانی پیشەسازیی فیلم لەناوببات.
لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ئێن بی سی نیوز، رید ساوزن، هونەرمەندی بواری فیلم، گوتی: "خەڵکانێکی زۆر دەڵێن هۆڵیوود کۆتاییدێت، بەڵام ئەم دۆخە نایەتە ئاراوە"، لە سایەی بەرەوپێشچوونەکانی ژیریی دەستکرددا، ساوزن جەخت لەوە دەکاتەوە؛ لە ئاستی بەرهەمهێناندا، ژیریی دەستکرد توانای رکابەرێتیی لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکان نییە، لە ئاستی ناوەڕۆکیشدا، خاوەنی چەندین هەڵەی لۆجیکییە، کە بینەران زوو درک بە ناراستەقینەبوونی دیمەنەکان دەکەن.
بڵاوبوونەوەی سەکۆی سۆرا، پاش نیگەرانیی و خۆپیشاندانی ئەکتەر و کارگێڕە سینەماییەکانی ئەمریکا دێت، لە سایەی هەڵکشانی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد و لەناوچوونی پیشەکانیان، کە ساڵی رابردوو، بۆماوەی چەند مانگێک، مانگرتنی سەرتاسەرییان راگەیاند و پیشەسازیی فیلم پێیان کاریگەر بوو.
لە ئێستەدا، فیلمسازیی یەکێکە لەو بوارانەی، لەژێر مەترسیی بەردەوامی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرددایە، بەچەشنێک، بواری کادرە سینەماییەکانی بەرهەمهێنان لاوازدەکات و مەترسیی لەناوبردنی پیشەکان دێنێتە ئاراوە.
لەماوەی رابردووشدا، گەورە دەرهێنەری سینەما، مارتن سکۆرسێزی، لەمیانی وەرگرتنی خەڵاتی رێزلێنانی ورچی زێڕینی فیلم فێستیڤاڵی بەرلین، جەختی لەوە کردەوە؛ ژیریی دەستکرد مەترسیی نییە بۆسەر پیشەسازیی فیلم، دەبێت تاکەکان سوود لە تواناکانی وەربگرن و لەپێناو دونیابینی و شێوازی تایبەتی گێڕانەوەکانیان، بیقۆزنەوە.
23/02/2024