گرووپی 7 داوای یارمەتیی بەپەلە بۆ ئۆکرانیا دەکات

کەناڵ8 24/02/2024
ژمارەیەک سەربازى ئۆکرانیا لە کەنارەکانى رووبارى دنیپرۆ. فۆتۆ: AP
ژمارەیەک سەربازى ئۆکرانیا لە کەنارەکانى رووبارى دنیپرۆ. فۆتۆ: AP

گرووپی وڵاتانی 7 داوا دەکەن پەلەبکرێت لەپەسەندکردنی هاوکاریی زیاتر بۆ ئۆکرانیا، بەبێ ئاماژەکردنی بۆ رێگرییەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ ناردنی یارمەتی بۆ کیێڤ.

سەرکردەی وڵاتانی گرووپی 7، پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان کە بە ڤیدیۆ کۆنفڕانس ئەنجامیاندا، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

بەگوێرەى ئاژانسی فرانس پرێس، سەرکردەکانی گرووپی جی7 "داوای ناردنی هاوکاریکردنی زیاتری بەپەلە بۆ ئۆکرانیا دەکەن بۆ دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی کیێڤ بۆ ساڵی 2024”.

ئیدارەی کۆشکی سپی پرۆژە پاکێجێکی هاوکارییان پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکا کردووە بۆ پێشکەشکردنی کۆمەکی دارایی و سەربازیی بە ئۆکرانیا، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی رووسیا، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنەکە دەنگی لەسەر پاکێجەکە نەداوە.

رۆژی 24ی شوباتی 2024، دووساڵ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا تێپەڕی و ژمارەیەک لەسەرکردەکانی جیهان وەک پاڵپشتییەک بۆ ئۆکرانیا، سەردانی کیێڤیان کرد.

بەهۆی جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیاوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 11 هەزار هاوڵاتیی مەدەنی کوژراون و نزیکەی 20 هەزار کەسیش برینداربوون.

کەناڵ8

24/02/2024