لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگای کەلار- خانەقین هەشت کەس برینداربوون

رووداوی هاتووچۆ لەسەر رێگای كەلار - خانەقین. فۆتۆ: راگەیاندنی هاتووچۆی گەرمیان
رووداوی هاتووچۆ لەسەر رێگای كەلار - خانەقین. فۆتۆ: راگەیاندنی هاتووچۆی گەرمیان

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگای کەلار - خانەقین هەشت کەس برینداربوون، هاتووچۆی گەرمیانیش دەڵێت، رووداوەکە لە جۆرى پێکدادان بووە و سەرجەم بریندارەکان رەوانەى نەخۆشخانە کراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی شوباتى 2024، راگەیاندنی هاتوچۆی گەرمیان بڵاویکردەوە، "لەسەر رێگای کەلار- خانەقین دوو ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا کۆرۆلا و بی ئێم دەبلیو پێکیاندادا، بەهۆیەوە شۆفێر و پێنج سەرنشینی ئۆتۆمبێلی جۆری بی ئێمە دەبلیوەكە کە بەئاڕاستەی قەزای خانەقین رۆیشتووە برینداربوون".

روونیشكراوەتەوە، "لە رووداوەکەدا شۆفێری و سەرنشینێکی تۆیۆتا کۆرۆلاکە برینداربوون کە بەئاڕاستەی کەلار چووبوون".

راگەیاندنی هاتوچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەشكردووە، "سەرجەم بریندارەکان بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لەلایەن تیمی هاتوچۆوە دەستیپێکردووە".