ئەمڕۆ دادگاى فیدراڵیى عێراق کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق کۆدەبێتەوە و چەند سکاڵایەکی تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ دادگاى باڵاى فیدڕاڵى چەند سکاڵاى تۆمارکراو یەکلادەکاتەوە، یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن دوو پەرلەمانتارەوە لەسەر جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران تۆمارکراوە و داوا لە دادگا کراوە، بڕیار لە نادەستووریبوونى دانیشتنى رۆژى 13ى کانوونى دووەمى 2024 بدات، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و سەرجەم بڕیار و رێکارەکانى هەڵبوەشێنێتەوە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری دژەتیرۆر لە سلێمانی تاوتوێ دەکات، کە لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا تانە لە یاساى ژمارە3ى ساڵى 2006 یاساى روبەڕووبونەوەى تیرۆر دراوە کە یاساى ژمارە 7ساڵى 2018 پشتیپێبەستووە و ناوبراو داوادەکات بەهۆى نادەستووریبوونى یاساکەوە ئەو بڕیارانەى کە لەدادگاى هەولێر لەدژى داواکراوان بەو یاسایە دەرکراون پوچەڵبکرێنەوە.
بڕیاریشە رۆژى چوارشەممە، دادگاى فیدراڵى دوو سکاڵاى دیکە یەکلابکاتەوە کە لە دژى شەعلان عەبدولجەبار کرەیم، تۆمارکراون و داوا لە دادگا کراوە ئەندامێتى لە ئەنجوومەنى نوێنەران و مافى خۆبەربژێرکردنى بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆى نەبوونى مەرجە یاسایی و دەستورییەکانى ئەندامێتى.
هاوکات، هاوپەیمانى فەتح رایگەیاندووە، بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەى دادگاى فیدڕاڵى دەبێتە نەخشە رێگەى هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى ئەنجوومەنى نوێنەران.
دادگاى باڵاى فیدڕاڵى، رۆژى 14ى تشرینى دووەمى 2023، ئەندامێتى لە محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران وەرگرتووە.
رۆژى 13ى کانوونى دووەمى 2024، لە ئەنجوومەنى نوێنەران هەڵبژاردن بۆ جێگرەوەى محەمەد حەلبوسى کرا و لە خولى یەکەمى دەنگداندا، شەعلان عەبدولجەبار کرەیم، بەربژێرى حیزبى تەقەدووم، 152 دەنگى لە کۆى 314 دەنگ بەدەستهێنا، سالم عیساوى 97 دەنگ، مەحمود مەشهەدانى 48 دەنگى بە دەستهێنا.
27/02/2024