یەشار کەمال.. ڕابەری ئەدەبی تورکی لە سایەی ڕەچەڵەکێکی کوردییدا
پێشەوا و ڕابەری نووسەرانی تورکیا بووە، دوچاری ئاڵنگاریی و دادگایی بووەتەوە بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی دژە کوردی تورکی.
ڕێکەوتی شەشی تشرینی یەکەمی ساڵی 1923، لە گوندی گۆکچەلی، لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، بنەماڵەکەی، وێڕای جیاوازیی نەتەوەیی، لە گوندەکەیاندا دووچاری هیچ بەرهەڵستکارییەک نەبوونەتەوە، بەڵام منداڵییەکەی یەشار، توند بووە و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، خێزانەکەی بەناچاریی، لە پارێزگای وانەوە ڕوویان کردووەتە دیاربەکر.
بە منداڵی، لەمیانی ئامادەکاریی بۆ جەژنی قوربان، باوکی بەهەڵە، چەقۆیەکی لەدەست دەرچووە و بووەتە هۆکاری کوێربوونی چاوی ڕاستی یەشار، لە تەمەنی پێنج ساڵیدا، شایەتی کوژرانی باوکی بووە لە مزگەوتێکدا لەسەر دەستی کوڕە هەڵگیراوەکەی بەناوی یوسف، ئەم دیمەنە، گرفتی ئاخاوتنی بۆ یەشار دروستکردووە و بەشێوەیەکی ئاسایی زمانی گۆی نەکردووە و تاوەکو تەمەنی 12 ساڵی، ئەم دۆخەی بەردەوام بووە.

قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنی بە سەرکەوتوویی بڕیوە، پاشان ڕووی لە شاری ئیستانبووڵ کردووە و لە زانکۆی شارەکە خوێندوویەتی، پاشان خولیاکانی بۆ نووسین پەیدابوون و سەرەتا بە ڕۆژنامەوانی و پاشان وەکو ڕۆماننووس بەردەوام بووە، مێژووی نووسینی یەکەم گێڕانەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1947.
ساڵی 1950، بە تۆمەتی بوون بە ئەندامی پارتی کۆمیۆنیستیی تورکیا، دەستبەسەر کراوە، دوو ڕۆمانە سەرەتاییەکەی، قەدەغە کراون و دەستیان بەسەردا گیراوە، ساڵی 1967، گۆڤاری مارکسیستی دامەزراندووە، چەندین بابەتی مارکسیی تیادا بڵاوکردووەتەوە، لە دەرئەنجامی کودەتاکەی ساڵی 1971، گۆڤارەکەی کۆتایی هاتووە و لە سایەی مەترسی کوژراندا، بەرەو وڵاتی سوید هەڵهاتووە، چەندین جار بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانیەوە دەستبەسەر کراوە، ساڵی 1995، بەهۆی پاڵپشتیکردن لە پرسی کورد و نووسینی بابەتێک بە ناونیشانی "ناوەڕۆکێک سەبارەت بە سانسۆرکردن"، دوچاری گیران و دادگاییکردن بووەتەوە.
لە تێکڕای ژیانە ئەدەبییەکەی خۆیدا، زیاتر لە 40 بەرهەمی ئەدەبی نووسیوە، توانیویەتی لەڕێی دونیابینی و گێڕانەوە تایبەتییەکەیەوە، ببێت بە خاوەنی دەیان خەڵاتی ئەدەبی و 30 نازناوی بەدەستهێناوە، هاوکات، پاڵێوراوی بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ بووە بۆ ئەدەب، لە دیارترین کارە ئەدەبییەکانی بریتین لە:
حەمەدۆک
بایەک لە دەشتەوە
زەوی ئاسنین، ئاسمانی زیو
سەربازانی خودا
ئاوخواردنەوەی مێروولە
سێ ئەفسانەی ئانادۆڵی
ئەفسانەی چیای ئاگری
ئەفسانەی گلگامێش
ڕێکەوتی 28ی شوباتی 2015، لە تەمەنی 91 ساڵیدا، لە شاری ئیستانبووڵ کۆچی دوایی کردووە و لەگەڵ خۆیدا خەونی ئاشتی و پێکەوەژیانیی بردووەتەوە.

1 کاتژمێر پێش ئێستا