رێبەر ئەحمەد: هیچ شتێک نەماوە بەغداد داواى بکات
رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەبارەى لیستى مووچە و وردبینیەوە هەرچى پێویست بووە دیوانى چاودێریى دارایى و وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان ئاسانکارییان کردووە، هیچ شتێک نەماوە بەغداد داواى بکات، دەشڵێت لەبڕیارەکانی دادگاى فیدراڵى تێناگەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ى شوباتى 2024، رێبەر ئەحمەد لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەر شتێک پێویست بێت وەزارەتى دارایى و دیوانى چاودێریى هاوکارى وەزارەتى دارایى بەغداد دەبن.
لەبارەى راگرتنى پرۆژەی هەژمارى منەوە، وەزیرى ناوخۆ گوتى "جارێ زووە قسە لەسەر راگرتنى هەژمارى من بکرێت".
گوتیشى "ئێمە و خەڵکیش بەدروستى لەوە تێنەگەیشتوون بڕیارەکانی دادگاى فیدراڵى چین و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت".
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژى 21ى شوبات، لەگەڵ سکاڵاکانى تایبەت بە هەڵبژاردن، دادگاى فیدراڵى سکاڵاى تایبەت بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى یەکلاکردەوە و چوارشەممە 28ی شوباتی 2024، دەقی بڕیارەکانی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەکراوە "بەگوێرەی ماددەی 14 لە دەستووری کۆماری عێراق ساڵی 2005، پێویستە یەکسانیی لەنێوان عێراقییەکاندا بەبێ هیچ جیاکارییەک پەیڕەو بکرێت، ئەمەش بەشێوەیەکی کرداری لەپێناو بونیادنانی ئینتیمایەکی نیشتمانیی راستەقینەیە لای سەرجەم گەلانی عێراق، بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەران، خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و سەرجەم فەرمانگە مەدەنی و سەربازییەکان لە هەرێمی کوردستان بکرێت وەک ئەوەی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی دەکرێت.
لەبڕیارەکانى دادگاى فیدراڵیدا ئاماژە بەوە کراوە "دادگای فیدراڵی داوا لە سەرجەم بانکەکانی سەر بە حکومەتی عێراق دەکات، ئاسانکاریی بۆ جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەن و هەموو هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ سوودمەندبوونی فەرمانبەران و مووچەخۆران، مووچەکانیان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان وەربگرن".
دەشڵێت "پێویستە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دوای کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مووچەکانیان خەرج بکات و چیتر قەرز نەدرێت بۆ دابینکردنی مووچە".
هەروەها دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پابەندکردووە بەڕادەستکردنی سەرجەم داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە حکومەتی فیدراڵی.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا هاتووە "پێدانی قەرز لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بە حکومەتی هەرێم بەبڕی زۆر بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو، پێچەوانەی حوکمەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی ژمارە 13ی ساڵی 2023یە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕی ئەو قەرزانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجنەکراوە".
29/02/2024