سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆککۆماری ئێران کۆبوونەوە
هونەر رۆستەم 02/03/2024
لە لوتکەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز لە جەزائیر، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ 2ـى ئازاری 2024، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆککۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە پەراوێزی لوتکەکەدا هەر دوو سەرۆککۆمار لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی عێراق و ئێرانیان تاوتوێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو سەرۆککۆمار هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێکەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاربکەن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران جەختی لە گرنگی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق کردووەتەوە، بەڵێنی داوە وڵاتەکەى بەردەوامبێت لە هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ عێراق بۆ چەسپاندنی ئاسایشی لە ناوخۆی.
هونەر رۆستەم
02/03/2024