بۆچی توشبووانی نەخۆشیی پاقلە نابێت خەنە بەکاربهێنن؟

گران جاف 02/03/2024

نەخۆشیی پاقلە نەخۆشییەکی بۆماوەییە، تێیدا کەسانی توشبوو ئەنزیمێکی گرنگیان نییە کە ئەویش ئەنزیمی G6PD یە، کە ئەرکی سەرەکیی لە جەستەدا پاراستنی خرۆکە سوورەکانە لە تێکشکان.

هەربۆیە ئەو کەسانەی ئەم ئەنزیمەیان نییە، مەترسییان زیاترە بۆ توشبوون بە کەمخوێنی بەهۆی تێکشکانی خرۆکە سوورەکانی خوێن. پاقلە یەکێکە لەو خۆراکانەی کە گوشارە ئۆکسێن لەسەر خرۆکە سوورەکان دروست دەکات و خرۆکە سوورەکانی خوێن تێکدەشکێنێت، هەربۆیە توشبووانی ئەم نەخۆشییە دوای خواردنی پاقلە باری تەندروستییان تێکدەچێت.

خەنە، بۆیەیەکی سروشتییە و لە گەڵای درەختی لاوسۆنیاوە دەردەهێنرێت و بەکاردەهێنرێت بۆ بۆیەکردنی بەشەکانی جەستە و تاتۆکردن.

خەنە ماددەی نافسۆکوینۆنی تێدایە کە هاوشێوەی پاقلە دەتوانێت گۆشارەئۆکسێن دروستبکات لە خرۆکە سوورەکاندا و لە ئەنجامدا کەسەکە توشیی نیشانەکانی کەمخوێنی دەکات وەکو

  1. بێهێزی
  2. بێڕەنگبوون
  3. زەردهەڵگەڕانی پێست و چاوەکان
  4. تۆخبوونی میز
  5. خێرابوونی لێدانی دڵ
  6. هەناسە هەناسە کورتی

هەربۆیە گرنگە توشبووانی ئەم نەخۆشییە بۆماوەییە خۆیان لە خەنە بپارێزن و بە هیچ جۆرێک بەرکەوتنیان لەگەڵی نەبێت.

گران جاف

02/03/2024