بەرپرسێکی ئەمریکی: ئیسرائیل رەزامەندیی بەرایی لەسەر ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی دەربڕیوە
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، ئیسرائیل رەزامەندیی بەرایی لەسەر ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی دەربڕیوە، لەئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حەماسدایە.
شەممە 3ـى ئازاری 2024، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی کە ناوی ئاشکرانەکراوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، بەشێوەیەکی گشتى پاش تاوتوێێکردنى هێڵە گشتیییەکانی پێشنیازی ئاگربەست، ئیسرائیل رەزامەندیی بەرایی لەسەر پێشنیازەکە دەربڕیووە، لە ئێستادا لەسەر بۆچوونى بزووتنەوەی حەماس وەستاوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر حەماس رازیبێت بە ئازادکردنی ژمارەیەک لە بارمتە نەخۆش و پیرەکان، رەنگە هەر لە ئەمڕۆوە ئاگربەست بۆ ماوەی شەش هەفتە رابگەیەندرێت.
ئەوەشی گوتووە، تۆپەکە لە گۆڕەپانی حەماسدایە و ئەگەر بیەوێت و رەزامەندی لەسەر وردەکارییەکانی پێشنیازەکە دەربڕێت، ئەوە هەوڵدان بۆ ئاگربەستەکە سەردەگرێت.
راشیگەیاندووە، وڵاتانی نێوەندگیر بە بەردەوامی ئەگەرەکانی ئاگربەست و رێکارەکانی گەیاندنی هاوکاریی بەپەلە بۆ هاوڵاتیانی غەززە تاوتوێدەکەن.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە ، وڵاتانی قەتەر، ئەمریکا ومیسر هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە لەگەڵ ئیسرائیل و حەماس بۆ گەیشتنە ئاگربەست و گەیاندنی هاوکاری خێرا بۆ کەرتی غەززە، کە لە ئێستادا لە دۆخێکی خراپی مرۆییدان.
02/03/2024