بەسەرپەرشتى سەرۆکوەزیرانى عێراق لایەنە براوەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک کۆدەبنەوە
ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک بە کەناڵ8ى راگەیاند "بڕیارە ئەمرۆ یەکشەممە، لایەنە براوەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک لە بەغداد بەسەرپەرشتى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆببنەوە".
پەروین فاتح، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک بە کەناڵ8ى گوت "لایەنەکانى کەرکوک بەئومێدەوە چاوەروانى دەرئەنجامى کۆبوونەوەى ئەمرۆ دەکەن و هەموو لایەنەکان بەرنامەى کارى خۆیان دەبەنە ناو کۆبوونەوەى لایەنەسیاسییەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق".
گوتیشى "ئەگەر رێککەوتن لەبارەى پۆستەکان بکرێت ئەوا لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک کۆدەبێتەوە".
ئەمە دووەم کۆبوونەوەى لایەنە براوەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوکە کە لە بەغداد بەسەرپەرشتى محەمەد شیاع سودانى بەڕێوەبچێت.
لە کۆبوونەوەى یەکەمدا کە 21ى شوباتى رابردوو بەرێوەچوو، بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان، نوێنەرى پارتى دیموکراتى کوردستان، نوێنەرانى تورکمان و لایەنە عەرەبی و کریستیانەکان ئامادەبوون.
لە کۆبوونەوەکەى ئەمرۆدا هەریەکە لە بافڵ جەلال تاڵەبانى، سەرۆک و ئاسۆ مامەند ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان ئامادە دەبن.
18ى كانوونى يەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکوک و 14 پارێزگاى عێراق بەرێوەچوو، بەڵام تائێستا حکومەتى خۆجێى پارێزگاکە پێکنەهێنراوە.
هەرسێ پێکهاتەى کورد، عەرەب و تورکمان، تائێستا لەسەر دابەشکردنى پۆستەکان رێکنەکەوتوون، کەناڵ8 لە سەرچاوەیەکى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوکەوە ئەوەى زانیووە، محەمەد شیاع سودانی بۆئەوەى هەموو لایەنەکان رازیبکات، پۆستێکى باڵا لە حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەو لایەنە تەرخاندەکات کە دەستبەرداری پۆستى پارێزگارى کەرکوک دەبێت.
بەگوێرەى زانیارییەکان، لەسەر ئەو بنەمایەش نهرمی نواندنێك لهلایهن عهرهب و توركمانەکانەوە ههیه، کە پۆستى پارێزگارى کەرکوک بۆ پێکهاتەى کورد بێت، بهڵام تاوەکو ئێستا بهفهرمی ئاشكرایان نهكردووه.
لایەنە براوەکانى کەرکوک، تاوەکو 23ی ئازاریان لەبەردەمدایە بۆ رێککەوتن، دوای ئەم رێکەوتەش ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە.
03/03/2024