سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بۆ کەناڵ8: لیستی مووچە بەزمانى عەرەبی ئامادەیە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی سەرجەم فەرمانگە و وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان بە زمانی عەرەبی ئامادەیە و رەوانەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کورستان کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ی راگەیاند، دوای ئەوەی کە وەزارەتەکە داوای لیستی مووچەی فەرمانبەرانى، بەزمانی عەرەبی لە فەرمانگەکان کرد، لە سەرجەم گەنجینەکانەوە لیستەکەیان بە زمانی عەرەبی بۆ نێردراوە.
گوتیشی، لیستەکە ئێستا لای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکارییە، لە وەزارەتی دارایی و لەزووترین کاتدا رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.
دوو رۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، داوای لە سەرجەم فەرمانگەکان کرد، لیستی مووچەیان بە زمانی عەرەبی بۆ بنێرن، ئەوەش پاش ئەوەی کە وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستەکەی کردبوو بۆ رەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، د.بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەبەرنامەی تارگێتی کەناڵ8دا رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا بەغداد مووچەی مانگی شوبات دەخاتەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتى دارایى عێراق دەستپێکردنى دابەشکردنى مووچەى مانگى سێى راگەیاند و داواى لە خانەنشینانى سەربازیى و مەدەنى کرد بۆ وەرگرتنى مووچەکانیان سەردانى بانکەکان بکەن.
لە راگەیەندراوى وەزارەتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانگەى ژمێریارى وەزارەت راسپێردرا دەست بەدابەشکردنى مووچەى مانگى سێى خانەنشینى سەربازیى و مەدەنى بکرێت و لە رێگەى بانکەکانى رافیدەین و رەشیدەوە و بە کارتى ئەلەکترۆنى مووچەکە دابەشدەکرێت".
راگەیەندراوەکە داوا لە خانەنشینانى سەربازیى و مەدەنى (ئەوانەى کورتەنامەیان بەدەستدەگات) سەردانى لقەکانى ئەو دوو بانکە بکەن بۆ وەرگرتنى مووچەکانیان.
03/03/2024