سەرۆکوەزیرانی نوێى پاکستان هەڵبژێردرا
ئەمڕۆ یەکشەممە پەرلەمانی پاکستان، شەهباز شەریفی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ هەڵبژارد، لە کاتێکدا هاوپەیمانانى عیمراخان رەخنەى توندیان لە پرۆسەکە گرت.
ئەیاز سدیق، سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: شەریف 201 دەنگی بەدەستهێناوە و بەسەر عومەر ئەیوب، بەربژێرى ئەنجوومەنی یەکگرتووى سوننە سەرکەوتووە کە 92 دەنگی بەدەستهێناوە.
عومەر ئەیوب لەلایەن عیمران خان و بزووتنەوەى "ئینسافی" پاکستانەوە پشتیوانیى دەکرا کە نەیتوانیووە کورسیی پێویست بۆ پێکهێنانى حکومەت دەستەبەر بکات و پارتەکەش رەتیکردەوە دانوستاندن لەگەڵ رکابەرەکانى بکات.
پەرلەمانتارە هاوپەیمانەکانى عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی زیندانیکراو لەکاتى هەڵبژاردنى شەهباز شەریف، ناڕەزایەتییان دەربڕى و درووشمی ساختەکارییان لە هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردوو گوتەوە.
چاوەڕاندەکرێت سبەی دووشەممە، شەھباز شەریف بۆ جاری دووەم وەک سەرۆکوەزیرانی پاکستان کە ماوەی دەسەڵاتەکەی پێنج ساڵە، سوێندی یاسایی بخوات.
هەڵبژاردنى سەرۆکوەزیرانى نوێ، پاش چەند رۆژێک لە پێکهێنانى هاوپەیمانى لەلایەن کۆمەڵەی موسڵمانانی پاکستانەوە بە سەرۆکایەتی شەریف و لایەنگرانی.
چاوەڕواندەکرێت حکومەتەکەی شەریف رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریى ببێتەوە کە بریتینلە چۆنییەتی وەڵامدانەوەی پەرەسەندنی هێرشە چەکدارییەکان، چاکسازیى ئابووری، باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەفغانستانی دراوسێی کە لەلایەن تاڵیبانەوە بەڕێوەدەبرێت، چاکسازیى ژێرخان و چارەسەری کێشەی پچڕانی کارەبا بەدرێژایی ساڵ.
هەروەها دەبێت سەقامگیریی سیاسی بپارێزێت، لەکاتێکدا پارتەکەی عیمران خان سوێندی خواردووە لە ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بێت.
03/03/2024