سەرۆکی کۆمیسیۆن بۆ کەناڵ8: ماوەی خۆتۆمارکردنی بایۆمەتری تا 10ـی ئازار درێژکراوەتەوە

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "کاتی خۆتۆمارکردنی بایۆمەتری دەنگدان تاوەکو رۆژی 10ـی ئازار درێژکراوەتەوە، دەشڵێت، "هەڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستان بە سیستمی سانتلیگۆ نابێت."

دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کەناڵ8ـی رایگەیاند، "هیچ کێشەیەکی هونەری و دارایی و سیاسیی و کارگێڕیمان نییە و بەتەواوی ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن."

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، "هەر حیزبێک لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دەزگای تۆمارکردنی لایەنەسیاسییەکانی سەر بە کۆمیسیۆن ناوی هەبێت دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بکات."

گوتیشی، "هەمان ئامێرەکانی پێشوو بەکاردەهێنین و هەژمارکردنی دەنگەکانیش بە ئەلیکترۆنی و بە دەستیش دەبێت."

دادوەرعومەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو ئەو کەسانەی ترسی ئەوەیان هەیە ئامێرەکان پەنجەمۆرەکەیان نەخوێنێتەوە دەتوانن سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆن بکەن."