کۆمپانیایەکى پەیوەندییەکان: چوار هێڵى ئینتەرنێت لە دەریاى سوور پچڕاون
کۆمپانیاى HGC تایبەت بە پەیوەندییەکان لە هۆنگ کۆنگ ئاشكرايكرد، چوار هێڵى ئینتەرنێت لە دەریاى سوور لەنزیک یەمەن پچڕاون
بەگوێرەى ئاژانسی CNNـى ئەمەریکی، یەکێک لە کۆمپانیاکانی خاوەنی کێبڵەکە کە HGC هۆنگ کۆنگییە رایگەیاندووە، چوار هێڵى ئینتەرنێت لە دەریاى سوور لەنزیک سنوورەکانى یەمەن پچڕاون، بەهۆى ئەوەشەوە 25٪ـى پەیوەندییەکان زیانیان بەرکەوتووە.
هاوکات کۆمپانیای سیکۆم کە بارەگاکەی لە باشووری ئەفریقایە رایگەیاندووە، ناتوانن تاوەکو مانگێکی دیکە دەست بەپرۆسەی چاککردنەوەی هێڵەکان بکەن.
رۆژى دووشەممە، حکومەتی یەمەن لە عەدەن رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکەوە سێ هێڵی ئینتەرنێتى ژێر دەریای سوور پچڕاون، کە ئینتەرنێت و پەیوەندییەکانیان لەنێوان ئاسیا، ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگواستەوە و حوسییەکان ئەو کێبڵانە دەکەنەئامانج، بەڵام بەرپەرسانى حوسى ئەو تۆمەتەیان رەتکردەوە.
بەهۆى گرژییەکان لە دەریاى سوور و زەریاى هێمن، هێرش و پەلامارەکانى چەکدارانى حوسى بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان، کێشەى بۆ جوڵەى دەریاوانى لەناوچەکە دروستکردووە، چەندجارێکیش حوسییەکان هۆشداریاندابوو لەوەى ئەگەر بێت و ئیسرائیل بەردەوامبێت لەشەڕى لەگەڵ حەماس، ئەوا بەدوورى نازانن هێڵەکانى ئینتەرنێت لە دەریاى سوور بکەنەئامانج.
05/03/2024