دوو رێکخراوی مافی مرۆڤ: ساڵی 2023 حکومەتى ئێران 834 کەسی لەسێدارەداوە
دوو رێکخراوی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ئامارێکدا ئاشکرایانکرد، لەساڵی 2023 لە ئێران 834 کەس لە سێدارەدراون و ئەمەش بەرزترین ژمارەیە لە 2015 وە تۆمارکرابێت.
هەریەک لەرێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویجە و هاوپەیمانی جیهانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سزای لە سێدارەدان، راپۆرتێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، لەماوەی 20 ساڵدا ئەمە دووەمجارە زیاتر لە 800 کەس لە ئێران لەساڵێکدا لەسێدارە بدرێن.
بەبەراورد بە ساڵی 2022 رێژەی لە سێدارەدان لە ئێران %43 زیادیکردووە.
هەردوو رێکخراوەکە لە راگەیەندراوەکەدا ئێرانیان بە بەکارهێنانی ئەم سزایە بۆ ترساندنی هاوڵاتیان تۆمەتبارکرد، بەتایبەت پاش دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان لە کۆتایی ساڵی 2022 لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی.
ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ پاش دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێران بەهۆی دەرکەوتنی قژی و گیانلەدەستدانی لە ناو دەزگاکانی پۆلیسدا، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێک ناڕەزایی لە وڵاتەکە.
مەحمود ئەمیری، بەڕێوبەری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، حکومەتی ئێران ترس بەکاردەهێنێت وەک تاکە فاکتەر بۆ ئەوەی لە دەسەڵات بمێنێتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد ئامارەکانی 2023 زۆر بەرزن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەرپرسانی ئێران نۆ کەسیان بە تۆمەتی توندوتیژی دژی هێزە ئەمنییەکان لەسێدارەداوە، سزای لەسێدارەدان بۆ کەیسەکانی ماددە هۆشبەرەکانیش زیادیکردووە.
لەناو ئەو 834 کەسەش کە لەسێدارەدراون 22 کەسیان ژنن و ئەمەش دەبێتە بەرزترین ئاماری ژنان لەماوەی 10 ساڵی رابردوو.
05/03/2024