وەزارەتى ئەوقاف لەبارەى پرۆسەى حەج بڕیارێکى نوێ دەدات

وەزارەتى ئەوقافى هەرێمى کوردستان لەبارەى پرۆسەى حەجى ئەمساڵ بریاردەدات ئەوانەى کە یەدەگ بوون بۆ ساڵى داهاتوو هەمان مافیان دەبێت.

بەگوێرەى فەرمانێکى وەزارى کە واژۆى پشتیوان سادق، وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى لەسەرە، سەرجەم ئەو ناوانەى ماونەتەوە وەک یەدەگى پرۆسەى حەج بۆ ساڵى ٢٠٢٤، بۆ پرۆسەی حەجى ساڵى داهاتوو هەمان مافیان دەبێت جگە لەوانەى پێشتر حەجیان کردووە.

وەزارەتى ئەوقاف ساڵى 2017 تیروپشکى بۆ پرۆسەى حەج ئەنجامدا و 121هەزار و 864 کەس ناوى خۆیان تۆمارکردبوو، ئەمساڵ 60% بۆ ئەوانە دانرا کە ئەو ساڵە فۆرمیان پڕکردووەتەوە، 40% بۆ ئەو کەسانەدانرا کە ساڵى 2023 فۆرمیان پڕکردەوە و پاش تیروپشک، 4174 کەس ناویان دەرچوو وەک سەرەکى و زیاتر لە 2100 کەس یەدەگ بوون و بەپێى بریارەکەى وەزیرى ئەوقاف بۆ ساڵى داهاتوو سەرجەم ئەوانەى یەدەگ بوون، هەمان مافیان دەبێت.