ئیبراهیم ئەحمەد.. بیرمەندی رێی خەبات
ئیبراهیم ئەحمەد، سیاسەتمەدار، رۆژنامەنووس، چیرۆکنووس، شاعیر و مافناس، ئەو کەسایەتییەیە کە ژیانی بۆ خەبات و خزمەتی نەتەوەی کورد تەرخان کرد.
ئیبراھیم ئەحمەد فەتاح، ناسراو بە بلە، شەشی ئازاری 1914، لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، ئەحمەد بەگی فەتاح زادەی باوکی، یەکێک بووە لە دۆستە نزیکەکانی شێخ مەحموودی حەفید، رەمزی فەتاحی مامی، یەکێک بووە لەو ئەفسەرانەی، بەشدارییان لە دامەزراندنی حکومەتی کوردستان کردووە، بە رابەرایەتی شێخ مەحمودی حەفید، هاوکات کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئیبراهیم ئەحمەد دروستکردووە و هانیداوە بخوێنێت.
ئیبراهیم ئەحمەد، سەرەتای خوێندنی لە حوجرەکانی شاری سلێمانیدا بوو، پاشان خراوەتە قوتابخانە و تاوەکو پۆلی دووی ناوەندی خوێندووە، پاشان بۆ درێژەدان بە خوێندن، ساڵی 1937، روو لە شاری بەغداد دەکات بەمەبەستی خوێندن لە کۆلێژی یاسای زانکۆی شارەکە، لە هەمان ساڵدا، نامیلکەی "الاکراد و العرب" دەنووسێت و لەلایەن هەمزە عەبدوڵاوە بۆی چاپکراوە، ئەم نامیلکەیە، لەکاتی خۆیدا، دەنگدانەوە و مشتومڕێکی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، رووناکبیرانی کورد و عەرەبیش بەرز نرخاندوویانە، ئەمەش وایکرد حکومەتی عێراق بە زوویی بڵاوبوونەوەی نامیلکەکە قەدەغەبکات، دەست بکات بە کۆکردنەوەی، پاشان ئیبراهیم ئەحمەد و هەمزە عەبدوڵای هاوڕێشی درانە دادگا و زیندانیکران.

پاش خوێندنی زانکۆ، لەگەڵ چەند نووسەرێک کە یەکێک لەوانە محەمەد باشقە، کە بەڕێوەبەری چاپ و بڵاوکردنەوەی حکومەتی عێراق بووە، بیری لە دەرکردنی گۆڤارێکی رۆشنبیری کوردی کردووەتەوە، پاش ئەوەی محەمەد باشقە توانی رەزامەندنی بۆ دەرکردنی گۆڤارەکە وەربگرێت، یەکەم ژمارەی گۆڤاری گەلاوێژ لە مانگی کانوونی یەکەمی 1939 بڵاوکراوەتەوە.
بەهۆی سەرقاڵی ئیبراهیم ئەحمەد بە کاری دادوەرییەوە، عەلائەدینی سەججادی، دەکات بە سەرپەرشتیاری گۆڤارەکە، کە دواتر، بوو بە نووسەرێکی چالاکی گۆڤارەکە و تاوەکو بڵاوبوونەوەی دوا ژمارەی گۆڤارەکە کە ژمارە 116 بوو، لە مانگی ئابی 1949دا بەردەوام بوو لە نووسین.
مانگی شوباتی 1942، ئیبراهیم ئەحمەد، لە شاری هەولێر بە دادوەر دامەزرا، لەوێش پەیوەندییەکی توند و تۆڵی لەگەڵ روناکبیرانی شاری هەولێر دەبەستێت، پاش ماوەیەکی کەم دەگوازرێتەوە بۆ شاری هەڵەبجە، مانگی ئابی 1944، دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و درێژە بە ئەرکی دادوەریی دەدات.
راستەوخۆ پاش گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، ئیبراهیم ئەحمەد لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی دیاری شارەکەدا، وەک: ئیسماعیل هەقی شاوەیس، بێکەسی شاعیر، بەهیە مەعروف، سدیق شاوەیس، عوسمان دانش، عەزیزی میرزا ساڵحی گورون و حەمەعەلی مەدهۆشی شاعیر و چەند کەسێکی دیکە، لقی چالاک و بە دیسیپلینی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (کۆمەڵەی ژ.ک) دادەمەزرێنن و ئیبراهیم ئەحمەد بە لێپرسراوی لقەکە هەڵدەبژێردرێت.
کاتێکیش لەسەر بنەماکانی کۆمەڵەی ژ.ک حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، ئەوانیش لقەکەی خۆیان کردە لقی حیزبی دیموکراتی کوردستان، پاش رووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان، ئەندامانی ئەم لقە چوونە نێو ریزی "پارتی دیموکراتی کورد - عێراق"ـەوە و لەوێ بەردەوام بوون، تاوەکو ساڵی 1949، لەسەر چالاکی سیاسی دەستبەسەرکرا و نزیکی دوو ساڵ لە زینداندا مایەوە.

پاش ئازادبوونی لە سەرەتای ساڵی 1951، دووەمین کۆنگرەی "پارتی دیموکراتی کورد – عێراق" لە بەغداد لە ماڵی عەلی حەمدی بەسترا و ئیبراهیم ئەحمەد وەک سکرتێری پارتی هەڵبژێردرا و ئەرکی دەرکردنی ئۆرگانی ئەو کاتەی پارتی کە ناوی "رزگاری" بوو خستە ئەستۆی خۆی، لە کۆنگرەکانی دواتریش بەشداری چالاکانەی هەبوو.
ساڵی 1947، وەکو یەکێک لە سەرکردەکانی "پارتی دیموکراتی کوردستان" ناسرا، لە مانگی ئەیلوولی 1961، پارتی دیموکراتی کوردستانی لە شارەوە گواستەوە بۆ شاخ و رێگەی خەباتی چەکدارانەی گرتەبەر، لە ناوەڕاستی ساڵی 1946، کێشە لەنێوان ئەندامانی سەرکردایەتی پارتیدا سەریهەڵدا و پارتەکە بوو بە دوو بەشەوە، ئیبراهیم ئەحمەد یەکێک بوو لە کەسە دیارەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی.
ساڵی 1974، بەشداریی لە بزووتنەوەی چەکدارانەی گەلی کورد لە دژی حکومەتی عێراق کرد و وەک رابەرێکی سیاسی و دیپلۆماسی ناو بزووتنەوەکە ناوبانگی دەرکرد. کاتێکیش ساڵی 1975، بزووتنەوەکە شکستی هێنا، چوو بۆ وڵاتی بەریتانیا و لە شاری لەندەن نیشتەجێ بوو.
رۆژنامەی خەبات بە هەمان شێوە بە هەوڵی ئیبراهیم ئەحمەد، رەزامەندی دەرکردنی بۆ وەرگیراوە، یەکەم ژمارەی لە چواری نیسانی 1959 بڵاوکراوەتەوە، کە خۆی سەرنووسەری رۆژنامەکە بووە و تەنانەت زۆرکات وتار و بابەتە سەرەکییەکانیشی نووسیوە.
پاش ساڵانێک لە خەبات و خزمەت لە بوارە جیاوازەکاندا، ئیبراهیم ئەحمەد لە رۆژی هەشتی نیسانی 2000، لە شاری لەندەن کۆچیدوایی کرد، پاش گەڕاندنەوەی بۆ سلێمانی، رۆژی 21ـی نیسانی 2000 لە رێوڕەسمێکدا، تەرمەکەی لە گردی سەلیم بەخاک سپێردرا.
06/03/2024