قەڵای کەرکوک.. شوێنەوارێکی گرنگ کە مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە

قەڵای کەرکوک، بە یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەکانی شاری کەرکوک دادەنرێت، کە وێرای ئەوەی چەندین شوێن و پاشماوەی مێژوویی تێدایە، بەڵام تاڕاددەیەک پشتگوێ خراوە و بەشێکی زۆری شوێنەوارەکانی بەرەو داڕمان و لەناوچوون دەچن.

قەڵای کەرکوک، دەکەوێتە سەر گردێکی بەرزی ناوەندی شاری کەرکوک و کۆنترین بەشی شارەکەیە، بە وتەی مێژوونووسان قەڵاکە لە ساڵی 850 پێش زایین لەلایەن ئاشوورییەکانەوە بەشێوەیەکی هێلکەیی دروست کراوە، ژمارەیەکی زۆر لەشوێنی مێژوویی لەخۆدەگرێت، لەوانەش، 54 خانووی مێژوویی ، پێنج مزگەوت، گومەزی سەوز، لەگەڵ یەکێک لە کۆنترین کڵێساکانی عێراق، هەروەها گۆڕی نەبی دانیاڵی تێدایە، لەگەڵ ئەمانشدا، ، قەیسەریی قەڵا بەشی دەرەوەی پێکدەهێنێت، شورای قوڕین و شورای ئاشووریش لە گرنگترین پاشماوە مێژووییەکانی قەڵاکەن.

لەباسی دۆخی ئێستای قەڵاکە و بەردەوامیی داڕمانی شوێنەوارەکانی ناوەوەی، ڕائید عوگڵە محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کەرکوک بە کەناڵ8ـی راگەیاند، " ئەو شوێنانەی کە داڕماون یان بەرەو داڕمان دەچن بەهۆی کۆنیی و نۆژەننەکردنەوەوەیە، ئەو کڵێسایەی کە تێدایە، بەڕاستی بەشێکی زۆری داڕماوە، هەروەها چەند بەشێکی گومەزی سەوز لەناوچووە، لەگەڵ چەند شوێنێکی دیکەی گرنگی مێژوویی رووبەڕووی داڕمان بونەتەوە، بەهۆی ئەمەشەوە بەشێکی زۆری قەڵاکەمان لەدەستداوە، بەڵام لەداهاتوودا هەموویان نۆژەن دەکرێنەوە و دووبارە بەو ماددانەی پێکهاتەی خۆیان دروست دەکرێنەوە، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری کەرکوک هەموو پلانێکمان داناوە بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنە شوێنەوارییەکانی کەرکوک".

ئاماژەی بەوەشكرد، هەر شوێنێکی کۆن  و مێژوویی ئەگەر نۆژەن نەکرێتەوە ئەوا بەشێوەیەکی سروشتی دەڕووخێت و دادەڕمێت، کە زۆرینەیان لە ماددەیەک پێکهاتوون کە بە ئاسانیی لەناو دەچن، وەک ئەو حاڵەتەی کە ئێستا لەناو قەڵای کەرکوک بەدی دەکرێت.

ڕائید عوگڵە محەمەد، باسی لەوەشکرد، لەپێشووتردا قەڵاکە بەشێوەیەکی سادە و کەم نۆژەنکراوەتەوە، بەڵام ئێستا پڕۆژەیەکی تایبەت هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەی هەموو بەشەکانی، کە بە چاودێری و داواکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری رۆشنبیری و پارێزگاری کەرکوک بەڕێوەدەچێت، نزیکەی سێ ملیار دابین دەکرێت بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە، کە لە چەند رۆژی داهاتوودا دەبینین کە دەست بە کارەکانی نۆژەنکردنەوە کراوە.

بە وتەی بەڕێوەبەری شوێنەواری کەرکوک، زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دێنە شارەکە، سەردانی قەڵای کەرکوک دەکەن، هەروەها پردی عوسمانی و شوێنە مێژووییەکانی دیکە جێگەی سەرنجی گەشتیارانن، قەڵای کەرکوکیش بە کۆنترین شوێنەواری شاری کەرکوک دادەنرێت بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە.

باسی لەوەشکرد، لەساڵانی رابردوودا کنەوپشکنین کراوە کە لەڕێگەیانەوە، قەیسەری کەرکوک، شورای ئاشووری و شورای قوڕین، لەگەڵ یەکێک لە دەرگاکانی قەڵاکە و چەند شوێنێکی گرنگی دیکە دۆزراونەتەوە، بەڵام لە ئێستادا هیچ چالاکییەکی لەو جۆرە بوونی نیە تەنها پڕۆژەیەک هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەی تا پارێزگاریی لێبکرێت و ببێتە شوێنێکی گرنگ بۆ راکێشانی گەشتیاران و میوانان.