جۆ بایدن: ئازادی و دیموکراسی لەژێر هێرشدایە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا رایگەیاند "ئەوەی بڕوای وایە پوتن جەنگ رادەگرێت، من پێتاندەڵێم ئەو شتی وا ناکات"
جۆ بایدن گوتیشی: ئازادی و دیموکراسی لەژێر هێرشدایە".
جۆ بایدن لە درێژەی گوتارەکەیدا رایگەیاند "ئابووریی ئەمریکا بووەتە جێی سەرنجی ئەوانەی چاویان پێمان هەڵنایەت".
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داواش لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی دەکات، بڕیار لە ناردنی کۆمەک و هاوکاریی بۆ ئۆکرانیا بدات.
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند "هەر کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەوتبێت، هەستاوەتەوە".
جۆ بایدن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەوە تۆمەتبار کرد کە چۆکی بۆ پوتن داداوە.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی کۆچی هاوڵاتییانی دیکەی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "دەبێت رێگە بە کۆچبەران بدرێت بەشێوەیەکی یاسایی بێنە ناو خاکی ئەمریکاوە".
جۆ بایدن لەبارەی پارەی مانگانەی فەرمانبەری وڵاتەکەیەوە ئەوەی راگەیاند "7 دۆلار بۆ مووچە بۆ یەک کاتژمێر کەمە و زیادی دەکەین، تێچووی بیمەی تەندروستیی هاوڵاتی کەمدەکەینەوە".
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "یاسای قەدەغەکردنی چەک پەسەند دەکەین و نابێت بەوشێوە بەربڵاوە هەڵگرتنی چەک بەردەوامیی هەبێت".
لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "کار بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە دەکەین" گوتیشی: "دیمەنەکانی غەززە کە دەیانبینم، ئازارم دەدەن".
لەبارەی چینەوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "دەبێت چین سنووری خۆی بزانێت و زێدەڕۆیی نەکات".
لە درێژەی گوتارەکەیدا جۆبایدن، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە ئیسرائیل لەوەی کە ناتوانێت فایلی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە وەکو "کارتێکی سازش" بەکاربهێنێت و داوای ئاگربەستی دەستبەجێی بۆ ماوەی شەش هەفتە کرد لە غەززە. بایدن لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا لە دۆخی فیدراڵ گوتی: "بۆ سەرکردایەتیی ئیسرائیل ئەمە دەڵێم "هاوکارییە مرۆییەکان ناتوانێت پرسێکی لاوەکی بێت یان موزایەدەکردن" بەڵکو پاراستن و رزگارکردنی ژیانی بێتاوانەکان دەبێت لە پێشینەی کارەکان بێت.
08/03/2024