دڵشاد مەریوانی.. شاعیری کوردپەروەر و شیعری ئەوینداری

نووسەر، شاعیر، ئەکتەر و رۆژنامەنووسێکی دیاری کوردستان بووە، ژیاندۆست بووە، شیعرەکانی لە هزری خوێنەرەکانیدا جیهانێکی پڕ لە جوانی و بەرەنگاریی دروستدەکەن، دڵشاد مەریوانی، لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، رێکەوتی 13ی ئازاری 1989، شەهیدکراوە.

دڵشاد محەمەد ئەمین فەتاحی مەریوانی، ناسراو بە دڵشاد مەریوانی، رێکەوتی 28ی ئازاری 1947، لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، باوکی لە سییەکانی سەدەی رابردوودا، لە گوندی کاڵێی مەریوانەوە روو لە پێنجوێن و پاشان شاری سلێمانی دەکات، ئەم رەچەڵەکەش نازناوی مەریوانیی بە دڵشاد بەخشیوە.

دڵشاد مەریوانی، لە شاری سلێمانی قۆناغەکانی سەرەتای خوێندنی تەواوکردووە، ساڵانی 1959 بۆ 1962، لە چوارچێوەی خەباتی یەکێتی قوتابیان، کاری کردووە، بەشدارییەکی گەورەی هەبووە لە کاری سیاسی و خەباتی ژێرزەمینی، کە بەهۆیەوە، چەندین جار زیندانیکراوە و ئازاردراوە، خوێندنی باڵای لە شاری بەغداد لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی تەواوکردووە، ساڵی 1972، پلەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە.

لە ئاستی بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی و نووسیندا، دڵشاد مەریوانی قەڵەمێکی دیار بووە، چەند بەرنامەیەکی ئەدەبی و رۆشنبیریی لە بەشی کوردی رادیۆی عێراق پێشکەشکردووە، لە تەلەفزیۆنی کەرکوک، سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری بەشی کوردی بووە، بابەتەکانی لە چەندین رۆژنامە و گۆڤاری کوردی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە: ژین، بەیان، هاوکاری، رۆژی کوردستان، بیری نوێ، تریفە و دەنگوباس.

لە ئاستی نووسینی رەخنەی ئەدەبییدا، دڵشاد مەریوانیی سەرمەشق بووە، سەبارەت بە کاری ئەدەبی نووسەر و شاعیرانی کورد سەرنجی هەبووە، لەوانە کارەکانی: ئیبراهیم ئەحمەد، د. مارف خەنەدار، هێمن، شێرکۆ بێکەس و حەمە ساڵح دیلان، لە ئاستی خزمەتکردنی شانۆشدا، زیاتر لە 17 شانۆنامەی نووسیوە و بەشێکیانی وەرگێڕاوە، کە دیارترینیان: نازدار و شوان، پەروانە، خۆرکە، چاوی ڤێتنام و مانگیش ئاوابوو.

ساڵانی 1962 بۆ 1966، بەشێک بووە لە لاوانی هۆشیاری شار، دامەزرێنەری "کۆمەڵەی بوژاندنەوەی سامانی نەتەوایەتی کورد" بووە، کە باوەڕی سەرسەختیان بە خەباتی ژێرزەمینیی ئەدیب و هونەرمەندان هەبووە و ئاوەزیان کردووە بە ئامرازێک بۆ دروستکردنی بەرهەمی بەرەنگاری، هەر لەم چوارچێوەیەدا، شیعری بەرەنگاریی زۆرێک لە شاعیر و ئەدیبە عەرەب و فارس و ئەوروپییەکانی وەرگێڕاوە، لەوانە: موزەفەر نەواب، مەحمود دەروێش، پابلۆ نیرۆدا، ماکۆڤسکی، یەسەنین و کاڤاڤی.

ساڵی 1967، لە یەکەم کۆشیعری خۆیدا بەناوی "فرمێسک و زەردەخەنە"، توانای شیعریی خۆی بەتەواوەتیی دەسەلمێنێت، لە ئاستی فۆرم و قەوارە و رێکخستنی شیعردا خۆی نەبینیوەتەوە، خاوەنی ناسنامەیەکی سەربەخۆ و تایبەتی شیعریی بووە و خۆڕسکانە بەبێ دەستکاری ماونەتەوە، جیاوازییەکی گەورەی لەنێوان رەشنووس و پاکنووسی شیعرەکانی دڵشاد مەریوانییدا نەبووە، لە ئاستی ناوەڕۆکی شیعرەکانیدا، سەرنج دەخاتە سەر رووداو و شتە بچوکەکانی رۆژ، بە ناخی خۆیدا رۆدەچێت.

ساڵانی 1969 بۆ 1972، دامەزرێنەر و سەرۆکی تیپی شاڵاوی هونەریی کەرکوک بووە، کە رۆڵێکی گەورەی هونەریی هەبووە، لە یاد و ئاهەنگەکاندا، کوردی بە کۆمەڵە و یەکێتییە شۆڕشگێڕییەکانی شاری بەغداد ناساندووە، چەندین ساڵ لە ئاستی کارە حکومییەکاندا دەستبەکار بووە؛ چاودێری زمانەوانی وەزارەتی گەیاندن، مەشقیاری هونەری، رۆژنامەنووس لە وەزارەتی گەیاندنی بەغداد، مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردی لە قوتابخانەی ناوەندیی سەرچنار.

ساڵی 1978، هاوسەرگیریی لەگەڵ شیرین کەمال، ناسراو بە شیرین کاف'ی نووسەر و شاعیر کردووە، بۆ ماوەی دوو ساڵ، لەگەڵیدا ژیانی پارتیزانانەی بەسەربردووە و لەگەڵ کچەکەیاندا لە شاخ ماونەتەوە.

لە ئاستی نووسینی شیعر و تێکستی ئەویندارییدا، دەبێتە مەرامی چەند گۆرانییەکی خۆش و نەوای هونەرمەندان، چەند شیعرێکی بە دەنگی حەمەی نێرگز و عوسمان عەلی زیندوودەکرێنەوە، وەکو ئەکتەریش، لە شانۆییەکانی لانەوازان و پردی وڵات بەشداریی کردووە، لە دیارترین بەرهەمەکانی بریتین لە:

فرمێسک و زەردەخەنە
یەکەم هەنگاو
دڵدارانی شۆڕش
پێشوازی خاوەن شکۆ
بە پەنجەکانم دەتبینم
سەمفۆنیای وەنەوشە

دڵشاد مەریوانی، لە شیعرێکیدا دەنووسێت:

گەر لاشەم جێ گەستەی سەگ بوو
بزانن سەگی پۆلیسە
گەستەی سەگی بۆرژوایانی نەگریسە
سەگی برسی
گاز لە لاشەی من ناگرن
هەر ئەوەشە هێشتوومییەوەو
دوژمنانم بەرگەم ناگرن!

رێکەوتی 13ی ئازاری 1989، لە تەمەنی 42 ساڵییدا، شەهید دەکرێت و ناوی دەچێتە ریزی شاعیرە گەورە و بەرزەکانی کورد و تاهەتایەک بە خۆڕاگریی و شکۆمەندی نەتەوەییەوە دەناسرێتەوە.