ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا تیکتۆکی قەدەغەکرد

لۆگۆی تیکتۆک، فۆتۆ: حەمە سوور
لۆگۆی تیکتۆک، فۆتۆ: حەمە سوور

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای قەدەغەکردنی تیکتۆکی لە ئەمریکا پەسەندکرد

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ی ئازاری 2024، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا یاسای قەدەغەکردنی تۆڕیی کۆمەڵایەتی تیکتۆکی پەسەندکرد.

کۆنگرێسی ئەمریکا بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامەکانی، پرۆژەیاسایەکی پەسەندکرد کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک ناچار بە کشانەوەی وەبەرهێنانەکانی لە خاوەنە چینییەکەی یان قەدەغەکردنی لە ئەمریکا دەکات.

لە دانیشتنەکەدا 352 ئەندامی کۆنگرێس بە بەڵێ دەنگیان بە پرۆژەیاساکەدا، لەبەرامبەردا 65 ئەندام لە دژی وەستانەوە، ئەمەش بە کۆدەنگییەکی کەموێنەی نێوان دیموکرات و کۆمارییەکان دادەنرێت.

ئەم بڕیارەی کۆنگرێسی ئەمریکا لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، ئەفریل هاینز، بەرێوبەری هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا لە میانی دانیشتنی لیژنەی هەواڵگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند: چین پلاتفۆرمی تیکتۆک بۆ کاریگەریی خستنەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2024 بەکاردەهێنێت.