ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان وەڵامی دادگای فیدراڵی دەداتەوە
ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان شەش تێبینی یاسایی دەربارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کاری سەرەکی دادگای فیدراڵی، پیادەكردنى تایبەتكاریی چاودێریی مەوداى دەستووریی یاسا و پێڕەوە بەركارەكانە نەوەک هێنانەکایەی دەقی یاسایی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەمدواییەی دادگای فیدراڵی لەبارەى هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "دادگاى فیدراڵی باڵا خۆى خستۆتە شوێنى دەسەڵاتى یاسادانان و چەندین دەقى یاسایی تەشریع كردووە ئەویش دواى ئەوەى بڕیاریداوە بە نادەستووریی بوونى هەندێك ماددە و بڕگەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان – عێراق".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێنانەکایەی یاسای نوێ، پێشێلکارییەکی روونی دەستوورە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، چونکە كارى دادگاکە كورتكراوەتەوە سەر پیادەكردنى تایبەتكاریی چاودێریكردنى مەوداى دەستوورییبوونى یاسا و پێڕەوە بەركارەكان، بۆیە هێنانەكایەى دەقى یاسایی لە بڕیارى دادگاى فیدراڵیی باڵا دەستوەردانە لە تایبەتكارییەكانى دەسەڵاتى یاسادانان.
باسلەوەشکراوە، دادگای فیدراڵی پابەندی عەریزەی داوای داواکار نەبووە، کە داوای دووبارە دابەشکردنەوەی کورسی کۆتاکانی کردووە، بەڵام دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسیی پێکهاتەکان، ئەم هەنگاوەش پێشێلكردنێكى روونى بنەما یاساییەکانە کە دەڵێت "داوا لە چوارچێوەى عەریزەكەیدا سنووردارە و نابێت حوكم بكرێت بە زیاتر لەوەى داواكار داواى دەكات".
ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، هەموو داوایەک بەگوێرەى یاسای دادبینی شارستانی، پێویستە رکابەری تێدابێت، بەڵام دادگای فیدراڵی بێئاگابووە لەوەی پێشتر بڕیاریداوە بە نادەستووریبوونى یاساى بەردەوامبوونى خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان، بەمەش رکابەری نامێنێت و پێویستبوو بڕیاربدات بە رەتکردنەوەی داواکە.
لە روونکردنەوەکەیدا ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان دەڵێت، دادگاى فیدراڵی لە هەندێك لە بڕیارەكانى كەوتووەتە هاودژی بوون.
ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئەم ئاڕاستەیەى دادگاى فیدراڵی بەدەرچوون لە دەستوور و یاساكان وایلێدەكات ببێتە دەسەڵاتێك لەسەرووى دەسەڵاتەكان، ئەمەش دەبێتە مایەى چەندین لێكەوتەى نەخوازراو چ لەلایەنى یاسایی بێت یان لەلایەنى سیاسیى یاخود كۆمەڵایەتیی.
14/03/2024