پشکنینێکی سادەی خوێن شێرپەنجەی کۆڵۆن لە قۆناغێکی زوودا دەستنیشاندەکات

رێککەوتنێکی وەزارەتی تەندروستی و کۆمپانیەیەک کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە
رێککەوتنێکی وەزارەتی تەندروستی و کۆمپانیەیەک کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە

پشکنینێکی نوێی خوێن دەتوانێت لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا شێرپەنجەی کۆڵۆن دەستنیشانبکات و بەهۆی ئاسانیی ئەنجامدانییەوە خەڵکێکی زیاتر هاندەدات پشکنینی پێشوەختە ئەنجامبدەن.

وردیی پشکنینە نوێیەکە لە تاقیکارییەکی کلینیکدا دەرکەوت کە 13ی ئادار لە جۆرناڵی زانستیی (The New England Journal of Medicine) دا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا دەرکەوتووە کە پشکنینەکە بە راددەی 83% راستگۆ بووە لە دەرخستنی شێرپەنجەی کۆڵۆندا.

 ئەگەر دەزگای دەرمان و خۆراکی ئەمریکا پەسەندیبکات، ئەم پشکنینەی خوێن دەبێتە رێگایەکی دیکەی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی کۆڵۆن.

پشکنینە نوێیەکە شیکاری بۆ خوێنی کەسەکە دەکات و بەدوای پاشماوەی خانە شێرپەنجەییەکاندا دەگەڕێت لە خوێنی کەسەکەدا و بە دەستنیشانکردنیان تووشبوونی کەسەکە بە شێرپەنجەی کۆڵۆن بە ئەگەرێکی بەهێز پشتڕاستدەکاتەوە.

باربارا جەنگ، سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی گەدە و ریخۆڵە لە ئەمریکا، دەڵێت ئەم پشکنینە نوێیە زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی کۆڵۆن ئاسانتردەکات.

 "پشکنینی خوێن لەچاو ناوبینی (نازوور)ی کۆڵۆن ئاسانترە، بۆیە وایدەبینم خەڵکێکی زیاتر پشتی پێببەستن بۆ ئەوەی هەر زوو بە مەترسییەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن بزانن لە جەستەیاندا" ئەوە گوتەی خاتو باربارایە.

بەپێی رێنماییە تەندروستییەکانی ئەمریکا، دەبێت خەڵکی لە تەمەنی 45 ساڵییەوە بەشێوەیەکی بەرنامەدار پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی کۆڵۆن ئەنجامبدەن کە لە رێگەی ناوبینیی کۆڵۆنەوە دەبێت، بەڵام سێیەکی خەڵکی ئەم پشکنینە ئەنجامنادەن، چونکە بەشێکی بەرچاوی خەڵک ئاسوودە نین بە پشکنینەکە.

ناوبینیی کۆڵۆن جگە لەوەی لە رێگەی کۆمەوە دەکرێت، دەبێت رۆژی پێشووتر کەسەکە بە دەرمانی تایبەت تووشی سکچوون بکرێت بۆ خاوێنبوونەوەی ریخۆڵەکانی.

پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی کۆڵۆن گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئەم شێرپەنجەیە ئەگەر لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەستنیشانبکرێت، ئەوە هەر بە ناوبینییەکە لادەبرێت و پیویست بە دەرمانیش ناکات، کەچی کە گەیشتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، چارەسەرکردنی ئاستەم دەبێت.

شێرپەنجەی کۆڵۆن چەند ساڵێکە رووی لە زیادبوون کردووە و لە هەرێمی کوردستانیش لەپاش شێرپەنجەی مەمک، بڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە.

دۆزینەوەی ئەم پشکنینە نوێیە دەکرێت وەکوو ئامرازێکی یارمەتیدەری زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی کۆڵۆن پشتیپێببەسترێت، بەڵام نابێتە جێگرەوەی یەکجارەکیی ناوبینیی کۆڵۆن، چونکە ناوبینییەکە جگە لە دەستنیشانکردن، دەتوانێت لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا هەرکاتی پشکنینەکە لووەکە کاببات کە هێشتا خاوێنە و بە پۆلیپ دادەنرێت. پۆلیپ ئەگەر لانەبرێت، ئەوە بە ئەگەری زۆر دەگۆڕێت بۆ شێرپەنجەیەکی کوشندە!