ئیبن خەلدون.. باوکی کۆمەڵناسی و دامەزرێنەری فەلسەفەی مێژوو

یەکێکە لە مەزنترین مێژوونووسەکانی عەرەب، دامەزرێنەری ڕەوتێکی سەرەتایی و گرنگی فەلسەفەی مێژووە لە دەرەوەی بازنەی کاریگەرییە ئایینییەکان، نووسەری یەکێک لە شاکارە مێژووییەکانی عەرەبە بەناوی "مقدمة"، مێژوویەکی تەواوەتیی بۆ قۆناغی ئیسلامەتیی باکووری ئەفریقا نووسیوە، ئیبن خەلدون، ڕێکەوتی 17ی ئازاری 1406، لە تەمەنی 73 ساڵیدا، کۆچی دوایی کردووە.

نەوەی بنەماڵەی خەلدونە

ڕێکەوتی 27ی ئایاری 1332، ئەبو زەید وەلیئەلدین عەبدولرەحمان، ناسراو بە ئیبن خەلدون لەدایکبووە، لە کتێبی "التعریف ابن خلدون"، ئاماژە بەوە دەدات؛ ڕیشەی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە سەر کەسایەتیی دیاری باشوری عەرەبستان بەناوی خەلدون، کە لە ساڵانی سەرەتای هەڵمەتی موسڵمانان بۆ ئەورووپا، کۆچی بەرەو ئیسپانیا کردووە و ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لە سەدەی نۆیەم زایینی، لە سایەی ئەمەوییەکاندا، خاوەنی پلە و پایەی باڵا بووە و ڕۆڵی گرنگی سیاسیی گێڕاوە، پاشان لە چلەکانی سەدەی 13، ڕووی لە باکووری کەناراوی مەغریب کردووە، پاشان لە سایەی ناوبانگە سیاسییەکەیدا، بانگهێشتی تونس کراوە و ساڵانێک کاروباری دەوڵەتی بەڕێوەبردووە، دواتر بڕیاری خانەنشینیی داوە و خۆی بۆ زانستی ئایینناسی، یاسا و نووسین تەرخان کردووە، کە ئیبن خەلدون نەوەی ئەم بنەماڵە دیارەیە.

قورئان یەکەم سەرچاوەی فێربوونی بووە

ئیبن خەلدون وردەکارانە لە چوارچێوەی نووسراوەکانیدا ئاماژەی بە زۆرینەی ئەو کتێب و کەسایەتییە سەرەکییانە داوە کە لە ژیانیدا کاریگەرییان لەسەر دروستکردووە، یەکەمین سەرچاوەی فێربوونی قورئان بووە، بنەماکانی تەفسیر و یاسای ئیسلام فێربووە، بە ئەدەبی باڵای عەرەبی ئاشنا بووە و شارەزاییەکی گەورەی لە زمانەوانیی عەرەبییدا پەیداکردووە، ئەمە وایکردووە شێوازێکی نووسینی ڕەوان پەیڕەو بکات و ناوازە و تایبەت بێت بە خۆی.

لە تەمەنی 20 ساڵیدا، پلەیەکی یاسایی پێدەبەخشرێت لە دادگای تونس، پاش سێ ساڵ بووە بە سکرتێری سوڵتانی مەغریب و دوو ساڵ لەم پۆستەدا ماوەتەوە، پاشان گومانی هەڵگەڕانەوەی لێکراوە و دەستگیرکراوە، پاش دوو ساڵ ئازاد کراوە و ڕوو کردووەتە ئیسپانیا.

بە چوار ساڵ کتێبی موقەدیمەی نووسیوە

ساڵی 1375، لە تەمەنی 43 ساڵیدا، بڕیاری دوورکەوتنەوەی لە هاوکێشە سیاسییەکان داوە و ڕووی لە گۆشەگیریی و خۆتەرخانکردن بۆ نووسینەوەی شاکاری خۆی کردووە، لەماوەی چوار ساڵدا، کتێبی مقدمة دەنووسێت، کە پێشەکییەکە بۆ مێژوو، ئیبن خەلدون، ئامانجی سەرەکیی نووسینەوەی مێژووی جیهانی عەرەب و بەربەر بووە، بەڵام نووسینەوەی مێتۆدەکانی مێژووی پێشخستووە و بە ئامانجی جیاکردنەوەی هەڵە مێژووییەکان لە ڕاستی، گەورەترین هەنگاوی ناوە، لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوە ڕەخنەگرانەکەی، فەلسەفەی مێژووی لێ دروستبووە و لەلایەن زۆرێک لە زانا و شارەزا ڕۆژئاواییەکانی لەوانە ئارنۆڵد تۆین بی، ستایش کراوە.

زانستی کولتووری دۆزیوەتەوە

ئیبن خەلدون، بەردەوام بووە لە تێپەڕاندنی سنوورەکانی لێکۆڵینەوە، لە ئاستی خوێندنی سروشتی کۆمەڵ و گۆڕانی کۆمەڵایەتییدا، زانستێکی نوێی بەناوی زانستی کولتوور دۆزیوەتەوە و لە هەناوی پرسە مرۆییەکاندا هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکانی داوە.

لە تێکڕای ژیانە پڕ لە زانست و ڕۆشنبیرییەکەیدا، ئیبن خەلدون زیاتر لە 10 کتێب و نووسراوی ناوازەی نووسیوە، لە دیارترین کتێبەکانی بریتین لە:

مقدمة (پێشەکی)

فەلسەفەی عەرەبی بۆ مێژوو

لباب المحصل في اصول الدین

تاریخ ابن خلدون

بە باوکی کۆمەڵناسی ناسراوە

ئیبن خەلدون، لە سایەی کار و بەرهەمە گەورەکانیدا، ناوبانگی گەورەی پەیداکردووە، کە زۆرترین کات بە باوکی کۆمەڵناسی و نووسینەوەی مێژوو دەناسرێت، دەستکەوتەکانی هۆکارێک بوون بۆ ناساندنی لە دەرەوەی جیهانی ئیسلامی و ناوەندە ڕۆژئاواییەکانیش ستایشێکی گەورەیان کردووە، کەسایەتییەکانی وەکو مۆنتیسکیۆ و ماکیەڤێلی پێی کاریگەر بوون، لە ئاستی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، داینامیکیەتی دەستەکان و هەستان و کەوتنی شارستانییەتەکاندا، ناوەندێکی گەورەی زانستیی خولقاندووە، کارەکانی لە ئاستی زانستدا هاوتای شۆڕشێکی گەورەن بۆ دروستکردنی تێگەیشتنی نوێ بەرامبەر بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگەکان، گرنگییەکی گەورەی بە پرسی هاوکێشەی جوگرافیا و شارستانییەت داوە، درکی بەو ڕاستییە کردووە کە جوگرافیا و شوێن پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و بەرجەستەیان هەیە بە مێژوو و بە تێگەیشتن لە جوگرافیا دەتوانرێت لە قۆناغە جیاوازەکانی شارستانییەت تێبگەین.