مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنداین لە وادەی خۆیدا
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە و دەڵێت: پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و بەبێ دواکەوتن بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ی ئازاری 2024 مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی حیزبەکە کۆبووەوە و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "دوایین ئامادەکارییەکانی یەکێتی لەسەرجەم بازنەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێکراوە".
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی جەختی لە "بەپەلە دابەشکردنی مووچە" کردووەتەوە وەک لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە.
راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێداگریی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکات و دەڵێت، "کۆبوونەوەکە تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتیی کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و بێ دواکەوتن بکرێت. وەک تەنها و تەنها رێگای راست و رەوای نوێکردنەوەی پرۆسەی دیموکراسیی و شەرعیەتی حوکمڕانی لەوڵاتەکەماندا".
ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی راگەیەندراوی خۆیدا بەهەر بیانووییەکەوە بێت پاشەکشەیە لە کاروانی دیموکراسیی و سەرەنجام شەرعیەتی دامەزراوەکانی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە".
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەشڵێت، "پاراستنی قەوارەکەمان لە هەڕەشە و مەترسی، تەنها لەرێی گەڕانەوە بۆ ڕای کۆمەڵانی خەڵک و دیاریکردنی نوێنەرەکانیان لە هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی پاک و بێگەردی ئەوتۆدا دەبێت کە روانینی سەرجەم هێز و لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە خۆبگرێت، بەتایبەتی کێشەی مووچە و گوزەرانی خەڵک".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، "ئەزموونی زیاتر لە سێ دەیەی کوردستانی ئازاد بە قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بەدیهاتووە و پێویستە لەرێی دەستاودەستکردنی دیموکراتیانەی دەسەڵاتەوە بپارێزرێت".
19/03/2024