رۆژی چوارشەممە لە هەولێر كرایە پشوو
بەهۆی نالەباری كەشوهەواوە، پارێزگاری هەولێر رۆژی چوارشەممە 20ـی ئازاری 2024ـی كردە پشووی فەرمی.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، "بڕیارماندا رۆژی چوارشەممە 20ـی ئازاری 2024، لە سەرجەم فەرمانگە و دام و دەزگا و دامەزراوەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، بکرێتە پشوو".
روونیشكراوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ناسەقامگیری رەوشی کەش و هەوا، لەپێناو پاراستن و سەلامەتی گشتی، ماندوبوونی تیمەکان و سەرقاڵی و ئامادەکاریی هاوڵاتیان بۆ جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی.
پێشتریش عەلی تەتەر، پارێزگارى دهۆک لە راگەیەندراوێكدا رۆژی چوارشەممەى لەسەرجەمى دامودەزگاکانى پارێزگاکە کردە پشووى فەرمى، ئەوەش بەهۆى ناجێگیرى کەشوهەواوە .
ماوەی چەند رۆژێكە شەپۆلێكی بارانبارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و لە چەندین شوێنە لافاو دروستبووە و زیان بەر هاونیشتمانیان كەوتووە، هەر لە پارێزگاری دهۆك بەهۆی لافاوەوە سێ كەس گیانیانلەدەستداوە.
19/03/2024