حوسییەکان: ئەمریکا و بەریتانیا سەنعاى پایتەختى یەمەنیان بۆردوومانکرد
سوپاى ئەمریکا و بەریتانیا، شەش پێگەى چەکدارانى حوسییان لە سەنعاى پایتەختى یەمەن بۆردوومانکرد.
بەگوێرەى میدیاى نزیک لە حوسییەکان، ئێوارەى هەینى فڕۆکە جەنگییەکانى ئەمریکا و بەریتانیا، هێرشیانکردووەتە سەر شەش پێگە لەچەند ناوچەیەکى جیاجیاى سەنعاى پایتەختى یەمەن.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، دانیشتوانى پایتەخت گوێیان لە بەهێزى تەقینەوەکان بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێک لەبارەى زیانەکانەوە رانەگەیەندراوە.
لەلایەکى دیکەوە بەگوێرەى بڵاوکراوەى ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى یەمەن، چەکدارانى حوسى لەکاتى بەربانگى ئێوارەى رۆژى هەینیدا، موشەکێکی بالیستیان ئاڕاستەى شارى مەئریب کردووە و لەئاسمانى نزیک شارەکە تەقیوەتەوە و دەنگێکى بەهێزى هەبووە.
لەپاش دەستپێکردنى شەڕى نێوان بزووتنەوەى حەماس و ئیسرائیل، چەکدارانى حوسى وەکو هاوسۆزییەک لەگەڵ هاوڵاتیانى فەڵەستینى دانیشتووى کەرتى غەززە، ماوەى پێنج مانگ زیاترە هێرشە مووشەکییەکانیان بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکانى ئیسرائیل و ئەمریکا و وڵاتانى ئەوروپا لە دەریاى سوور چڕکردووەتەوە، بەوهۆیەوە زیانى گەورەیان بە رێڕەوى دەریاوانى ئەو وڵاتانە لە دەریاى سوور گەیاندووە.
23/03/2024