بەهۆی ریکلامێکەوە.. خێزانی عەبدولحەلیم حافزی هونەرمەندی میسری دەچنە دادگا
خێزانی هونەرمەندی کۆچکردوو، عەبدولحەلیم حافز رایانگەیاند، کە سکاڵا دژی ریکلامی شوێنێکی گەشتیاری میسری تۆمار دەکەن، کە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی خێزانی عەبدولحەلیم یەکێک لە گۆرانییەکانی ئەو هونەرمەندەی تێدا بەکارهاتووە، ئەمەش چەند رۆژی رابردوودا هەرای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناوەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "المصري الیوم"ـی میسری، لەدوای بڵاوبوونەوەی ریکلامی شوێنێکی گەشتیاری میسری کە گۆرانی "دقوا الشماسي"ـی هونەرمەند عەبدولحەلیم حافزی تێدا بەکارهاتبوو، خێزانی ئەو هونەرمەندە هاتنە دەنگ و گوتیان، روودەکەنە دادگا بەهۆی ئەوەی بەبێ وەرگرتنی رەزامەندییان گۆرانییەکە بەکارهاتووە، تەنانەت دەستکاری کراوە.
محەمەد شەبانە، کوڕی برای عەبدولحەلیم حافز، گوتوویەتی، "ئەوەی لە ریکلامەکەدا بینراوە، بەکارهێنانی فۆلکلۆرە بۆ قازانجکردن، نەک لەپێناو پاراستن یان ناساندنی بە خەڵک"، تەنانەت وەسفی کردووە بە "هەرزان فرۆشکردنی فۆلکلۆر و کەلەپوور".

شەبانە ئەوەشی راگەیاندووە، هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرنە بەر، بۆ پاراستنی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان لە تێکدان و خراپ بەکارهێنان، جەختی لەوەکردووەتەوە "راوێژکار یاسر قەنتوش سەرقاڵی بەرزکردنەوەی سکاڵایە بۆ دادگا، لە پێناو وەڵامدانەوەی ریکلامەکە، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بەزووترین کات بێنە دەنگ بۆ وەستاندنی پەخشکردنی"، هەروەها نیگەرانیی و غەمباری خۆی و خێزانەکەی لە شێوازی گوتنەوەی گۆرانییەکە لە ریکلامەکەدا دەربڕیوە.
لەلای خۆیەوە، د. مدحەت ئەلعەدل، سەرۆکی سەندیکای موزیکژەن و ئاوازدانەرەکان گوتوویەتی، "خێزانی عەندەلیب مافی ئەوەی نیە کە سکاڵا دژ بە خاوەنی ریکلامەکە تۆماربکات، بەڵکو خێزانی ئاوازدانەر و موزیکژەنەکە ئەو مافەیان هەیە"، باسی لەوەشکردوە، "دروستکەرانی ریکلامەکە، دوای دەرهێنانی ریکلامەکە پەیوەندییان بە سەندیکاکەوە کردووە و رێککەوتوون".

لەسەر هەمان بابەت، عیماد یەسری، رەخنەگری ئەدەبی میسری گوتوویەتی، "بەکارهێنانی گۆرانییەکانی عەندەلیب لە ریکلامێکدا کارێکی ئەرێنییە بۆ ناساندنی بەهای هونەری ئەم بەرهەمانە بە نەوەی داهاتوو، هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە بەرهەمێکی هونەریی بەو جۆرەی کە بەڕاست دادەنێت دووبارە بڵاوبکاتەوە، گوێگریش ئازادە لەوەی ئارەزوو دەکات گوێی لێبگرێت یاخود نا".
جەختی لەوەشکردووەتەوە، "بیرۆکەی رێگریی کردن بە تەواویی کارێکی نابەجێیە، چونکە کۆمەڵێک گەنج و نەوەی نوێمان هەیە کە تەنانەت نازانن عەندەلیب کێیە، ریکلامەکەش وێڕای دۆخە تایبەتییەکەی و وردەکارییەکانی، باشییەکەی لەوەدایە کە هانی گوێگر دەدات بچن بەدوای گۆرانییە کۆنەکە و زانینی مێژووەکەی و گوێگرتن لێی".
عەبدولحەلیم حافز (21ـی حوزەیرانی 1929 لەدایکبووە، 30ـی ئازاری 1977 کۆچی دواییکردوە)، گۆرانیبێژ و ئەکتەری بەناوبانگی میسرییە، بە یەکێک لە گەورە هونەرمەندەکانی میسر دادەنرێت لە پاڵ هەریەکە لە فەرید ئەترەش، ئوم کەلسوم، محەمەد عەبدولوەهاب، محەمەد فەوزی و شادییە، بەهۆی دەنگە تایبەتەکەیەوە بە "عەندەلیب ئەلئەسمەر" ناسراوە، لە رابردوودا 80 ملیۆن لە سی دی گۆرانییەکانی فرۆشراوە. لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردوودا گۆرانی " دقوا الشماسي" لە فیلمی " أبي فوق الشجرة"ـدا بڵاوکردووەتەوە، لە نوسینی مورسی جەمیل عەزیز و ئاوازی مونیر مورادە.
25/03/2024