کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد

کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان.
کۆبوونەوەى ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان.

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا پرسی دابەشکردنی مووچە یەکلابکرێتەوە.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونى سەرۆکى حکومەت و جێگرەکەى بەڕێوەدەچێت و تەوەرەى سەرەکى کۆبوونەوەکە باسکردنە لە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان.

بەگوێرەى کارنامەى کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، وەزیرى دارایی هەرێمى کوردستان راپۆرتێک لەبارەى دۆخى دارایی و ئامادەکارى بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران پێشکەشدەکات.

بەگوێرەى زانیاریەکانى کەناڵ8 ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیران بڕیار لە دابەشکردنى مووچەى مانگى شوباتى فەرمانبەران دەدات.

ئێوارەى دوێنێ لەمیانەى بەشداریکردنى لە ئێوارە بەربانگێک، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "لەکۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران بریارێک دەدەن لەبەرژەوەندى خەڵکى کوردستان دەبێت".

ماوەى 54 رۆژە مووچەى فەرمانبەران دابەشنەکراوە و لەکۆبوونەوەى رۆژى 13ى ئازاردا ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بریاریدا تا بەغداد مووچەى کارمەندانى سەربازیى و ئەمنى هەرێمى کوردستان نەنێرێت مووچەى مانگى شوبات دابەشناکەن.