بیڵی وایڵدەر.. ئەستێرەی قۆناغی کلاسیکی هۆڵیوود

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بیڵی وایڵدەر، یەکێکە لە دیارترین دەرهێنەرەکانی قۆناغی کلاسیکی هۆڵیوود، خاوەنی مێژوویەکی دەیان ساڵەیە لە بەرهەمهێنانی فیلمدا و کاریگەریی لەسەر دەرهێنەرەکانی پاش خۆی دروستکردووە.

لە نەمسا لەدایکبووە و لە هۆڵیوود ناسراوە

ساموێڵ وایڵدەر، ناسراو بە بیڵی وایڵدەر، ڕێکەوتی 22ی حوزەیرانی 1906 لە نەمسا لەدایکبووە، لە ئەمریکا وەکو دەرهێنەر ناوی دەرکردووە و لە قۆناغی کلاسیکی هۆڵیووددا یەکێک بووە لە دیارترین دەرهێنەرەکان.

ڕۆژنامەوان بووە

وایڵدەر سەرەتا خەون و ئامانجی خوێندن بووە لە کۆلێژی یاسا، بەڵام بەمەبەستی کارکردن وەکو ڕۆژنامەوان، دەستبەرداری ئەم خەونە بووە و شارەزاییەکی گەورەی لە نووسیندا بەدەستهێناوە، بەم توانایەوە ڕووی لە بەرلین کردووە و بووە بە یەکێک لە ڕۆژنامەوانە دیارەکانی ئەم شارە.

بۆ دەرهێنانی سینەمایی ڕووی لە ئەمریکا کردووە

ساڵی 1929، دەستی بە نووسینی سکرینپلەی فیلم کردووە و چەندین دەقی بۆ فیلمە ئەڵمانییەکان نووسیوە، لەگەڵ هاتنی حوکمڕانیی نازییەکانیشدا، بەهۆی ڕەچەڵەکە جووەکەیەوە، لە وڵاتەکە هەڵهاتووە و ڕووی لە پاریس کردووە، پاشان لەوێوە، ئەورووپای جێهێشتووە و بە خەونی بوون بە دەرهێنەر گەیشتووە ئەمریکا.

پرسە کۆمەڵایەتییەکانی کردووە بە چیرۆک

لە ئاستی ناوەڕۆک و گێڕانەوەی چیرۆکدا، وایڵدەر خولیای بابەتە کێشە-لەسەرەکانی کردووە و بەشێوەی گاڵتەوگەپ سەرنجی خستووەتە سەریان، کە زۆرینەی کاتەکان، دوو ڕوویی ژیانی ڕۆژانەی تاکی ئەمریکی کردووە بە پرسی سەرەکی، توانیویەتی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی زەق و هەستیار لە فیلمەکانیدا بەکاربهێنێت، کە پێش خۆی چەشنێک بوون لە هێڵی سوور لە سینەمادا، لەوانە پرسی بەکارهێنانی توندی خواردنەوە کحولییەکان، زیندانیکراوانی جەنگ و لەشفرۆشی، کۆی ئەم پرسانەی لە چوارچێوەیەکی فراواندا کۆکردووەتەوە کە سایەی پوچگەرایی قۆناغی هاوچەرخیان بەسەرەوە بووە.

ماوەی پێنج دەیە کاری سینەمایی کردووە

تەمەنی هونەریی وایڵدەر ماوەی پێنج دەیەی خایەندووە، توانیویەتی تیایدا خزمەتێکی گەورەی هۆڵیوود بکات و دەرهێنانی بۆ 27 فیلم کردووە و سیناریۆی بۆ 83 دانە نووسیوە، 14 فیلمیشی بەرهەمهێناوە، بە کۆی ئەم بەرهەمانەش، توانیویەتی ببێت بە براوەی شەش خەڵاتی ئۆسکار و 52 خەڵاتی جیاوازی سینەمایی.

لە دیارترین فیلمەکانی وایڵدەر بریتین لە:

The Apartment 1960
Some Like It Hot 1959
Sabrina 1954
Sunset Blvd. 1950

بیڵی وایڵدەر، ڕێکەوتی 27ی ئازاری 2002، لە تەمەنی 95 ساڵیدا، بەهۆی هەوکردنی سییەکانەوە کۆچی دوایی کردووە و ناوی چووەتە ڕیزی دیارترین دەرهێنەرە کلاسیکییەکانی هۆڵیوود.

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا