رەخمانینۆڤ.. شکۆی موزیکی نەتەوەیی ڕووسیا
پیانۆژەنێکی بلیمەت بووە، ڕابەر و موزیکدانەرێکی بێهاوتای وڵاتەکەی و جیهان بووە، سێرگی رەخمانینۆڤ، ڕێکەوتی 28ی ئازاری 1943، کۆچی دوایی کردووە.
لە منداڵییەوە جێگەی سەرنج بووە
سێرگی رەخمانینۆڤ، ڕێکەوتی یەکی نیسانی 1873، لە سێمیۆنۆڤۆ، لە باکوروی ڕووسیا لەدایکبووە، هەر بە منداڵی، خاوەنی توانایەکی ناوازەی موزیکی بووە و سەرنجی مامۆستاکانی ڕاکێشاوە، پیانۆژەنێکی لێهاتوو بووە و توانیویەتی لە تەمەنێکی کەمەوە موزیک دابنێت، لە تەمەنی 18 ساڵیدا بە یەکەم کۆنچێرتۆی پیانۆ، هەمووان ستایشیان کردووە.

کارەساتی سیمفۆنییەکەی چییە؟
ساڵی 1897، لە یەکەم نمایشی سیمفۆنییەکەیدا کارەسات ڕوویداوە، ئالێکساندەر گلازونۆڤ، وەکو ڕابەری سیمفۆنییەکە دیاریکراوە، بەگوێرەی ڕەخنەگرە موزیکییەکان، گلازونۆڤ هەرگیز لە ئاست و توانای موزیکەکەی رەخمانینۆڤدا نەبووە، لە شەوی ڕابەرایەتییەکەشدا، سەرخۆش بووە و هۆکاری سەرەکی بووە بۆ خراپ نمایشکردنی سیمفۆنییەکە، ڕەخنەگران بەهۆیەوە پارچەکەیان دوورخستووەتەوە، لەماوەی ژیانی رەخمانینۆڤدا، هەرگیز ئەم سیمفۆنییە پێشکەش نەکراوەتەوە، کە بەهۆیەوە دووچاری خەمۆکی بووە و لە سایەی پزیشکەکاندا دۆخی ئاسایی بووەتەوە.

پیانۆ کۆنچێرتۆی ژمارە دوو لە بەناوبانگترین موزیکەکانیەتی
پیانۆ کۆنچێرتۆی ژمارە دوو، کە ساڵی 1901 رەخمانینۆڤ لە تەمەنی 28 ساڵیدا دایناوە، یەکێکە لە بەناوبانگترین پارچە موزیکە کلاسیکییەکانی ڕووسیا و جیهان، هەندێک لە ڕەخنەگران، بە مەزنترین پارچەی ڕووسیای هەژمار دەکەن، بەچەشنێک، لە ئاستی نیشتمانیی ڕووسیا، زۆرینە لە پلەی یەکەمی خوازراوترین موزیکەکانی ژیانیانی دادەنێن.

نەریتێکی باوی شکاندووە
پاش تەواوکردنی یەکەم کاری کۆراڵی خۆی، لە ساڵی 1902، بڕیاری هاوسەرگیریی لەگەڵ ئامۆزایەکیدا داوە، بەمەش سەری هەمووانی لە ئاستی کۆمەڵگەی ڕووسیدا سوڕماندووە، بەو پێوەرەی، بۆ ڕووسەکانی ئەو سەردەمە، هاوسەرگیریی ئامۆزا نزیکەکان نائاسایی بووە، بەڵام رەخمانینۆڤ جەتختی لەسەر ئەم بڕیارە کردووەتەوە و هاوسەرگیریی لەگەڵ ناتالیای ئامۆزایدا کردووە.

ڕابەرێکی لێهاتووش بووە
رەخمانینۆڤ، تەنیا موزیکدانەرێکی بلیمەت نەبووە، بەڵکو ڕابەرێکی دیاری موزیکیی و پیانۆژەنێکی بێهاوتاش بووە، لە شانۆی بۆڵشۆی، پۆستی ڕابەری سەرەکیی موزیکی پێ بەخشراوە و لە ئاستی ئەمریکا چەندین هەلی کاری پێشکەش کراوە، لە دیارترینیان، کارکردن لە ئۆرکێسترای سیمفۆنی بۆستن.

دەست و پەنجەیەکی گەورەی هەبووە
لە ئاستی دانانی موزیکدا، بەشێک لە ژەنیارە ئاساییەکان توانای خۆیان بەسەر بەشێک لە پارچەکانی رەخمانینۆڤدا ناشکێتەوە، هۆکاری ئەمەش بۆ بنیادی جەستەیی ئەم موزیکدانەرە دەگەڕێتەوە، کە خاوەنی دەستێکی گەورە بووە و توانیویەتی نۆتە موزیکییەکان بەچەشنێک دابنێتەوە کە تەنیا بۆ دەست و پەنجەی ئەوانە گونجاوە کە گەورە و درێژن، رەخمانینۆف، تەنها بە کردنەوەی لەپ و بە یەک دەست، توانیویەتی بە 12 کلیلی پیانۆکەی ڕابگات.

موزیکی ئایینیشی هەیە
رەخمانینۆف خاوەنی کەسایەتییەکی قووڵی ئایینی بووە، لە ئاستی ژیانی تایبەتیی خۆیدا، پەیڕەوی ئایینی ئەرسەدۆکسی کریستیانیی کردووە، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بەرهەمهێنانی موزیکەکانی دروستکردووە و ساڵی 1915، توانیویەتی موزیکی ئایینیی کۆراڵی دابنێت.
وەکو پیانۆژەنیش کاری کردووە
ساڵی 1917، لەگەڵ هاتنی شۆڕشی ڕووسیا، قۆناغی ژیانکردنی ڕەخمانینۆڤ لە خاکی خۆی کۆتایی هاتووە، کانوونی یەکەمی 1917، ڕووی لە وڵاتی فینلاند کردووە و لە چلەکانی تەمەنیدا وەکو پیانۆژەنێکی بلیمەت لە ئەورووپا ناوبانگی پەیداکردووە و پیشەکەی وەکو پیانۆژەن دەستیپێکردووە.

لە ئەمریکا ژیاوە
پاش ساڵێک لە ئاوارەیی، خەون و ئاواتەکانی خۆی لە ئەمریکا دۆزیوەتەوە و ساڵی 1918، گەیشتووە بە ئەمریکا، لە ئاستی موزیکدا، کۆمەڵگەی ئەمریکی پێشوازییەکی گەورەیان لێکردووە، وێڕای هاتنی شەپۆلێکی گەورەی گەرما لە ساڵانی 1922 بۆ 1923، بەڵام رەخمانینۆڤ بەردەوام بووە لە پێشکەشکردنی کۆنسێرتەکان و لەم ماوەیەدا زیاتر لە 70 نمایشی ئەنجامداوە، لەڕێگەی پارەی موزیکەوە، خۆی لە ئەمریکا بنیادناوە و هاوشێوەی ئەو خانووەی دروستکردووە کە لە مۆسکۆ هەیبووە.

کۆتاییەکی داستان ئاسای هەبووە
لە کۆتا قۆناغەکانی ژیانیدا، رەخمانینۆڤ بەشێوەیەکی توند نەخۆشکەوتووە، ساڵی 1943، لەمیانی پێشکەشکردنی کۆتا گەشتی موزیکیی خۆیدا، دۆخی تێکچووە، بەشێوەیەکی شاعیرانە و نائاگا، لە کۆتا نمایشدا، رابەرایەتیی پارچەیەکی موزیکیی فرێدریک شۆپانی کردووە سەبارەت بە مارشی مردن، یەک مانگ دواتر، بە شێرپەنجەی پێست، چوار رۆژ پاش گێڕانی ئاهەنگی 70 ساڵەیدا، کۆچی دوایی کردووە.
لەنێوان ساڵانی 1892 بۆ 1917، سێرگی رەخمانینۆڤ توانیویەتی 39 پارچە موزیکی لە ڕووسیا دابنێت، لەنێوان 1918 بۆ 1943، لەمیانی ژیانکردنی لە ئەمریکا، توانویەتی تەنیا شەش پارچە دابنێت، لە دیارترین موزیکەکانیشی بریتین لە:
Piano Concerto No. 2 in C minor
Piano Concerto No. 3 in D minor
Vocalise
Rhapsody on a Theme of Paganini
Prelude in G minor
3 کاتژمێر پێش ئێستا