77 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی قازی محەمەد و هاوڕێکانیدا تێدەپەڕێت

وێنەیەکى قازى محەمەد و هاوڕێکانى.
وێنەیەکى قازى محەمەد و هاوڕێکانى.

قازی محەمەد لە بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 10ـى خاکەلێوەی ساڵی 1326ی هەتاوی، لەگەڵ ئەبولقاسم سەدری قازیی برای و سەیف قازیی ئامۆزای، لە گۆڕەپانی چوارچرای مەهاباد لەلایەن حکومەتی پادشایەتی ئەو کاتی ئێرانەوە لەسێدارەدران.

قازی محەمەد لە 11ـى 2ـى 1272ـى هەتاوى لە شارى مەهاباد لە دایکبووە، زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ئازەریی بە باشی زانیوە و ئاشنایی لەگەڵ زمانەکانی فەڕەنسی و ئینگلیزی و رووسیش هەبووە.

لە پاش کۆچی دوایی عەلی قازیی باوکی، دەبێتە دادوەری مەهاباد و هاوکات بەرپرسیاریی فەرمانگەی رۆشنبیری و ئەوقافی مەهابادی پێدراوە، لەو سەردەمەدا یەکەم خوێندنگەی بۆ کچان لە مەهاباد دروستکردووە.

بەهۆی رووداوەکانی جەنگی جیهانیی دووەمەوە لە ساڵانی 1941 بۆ 1946 دەسەڵاتی ئێران لە زۆرێک لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران بە تایبەتی لە ناوچەی موکریان و مەهاباد لاواز ببوو و بەو هۆیەوە قازی محەمەد وەکو کەسایەتیی ناوسراوی ناوچەی مەهاباد، کاروبارەکانی ناوچەکەی رادەپەڕاند.

لە ساڵی 1942 کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان ناسراو بە ژێکاف لە مەهاباد بە سەرۆکایەتیی حوسێن فروهەر و عەبدولڕەحمان زەبیحی دروستدەکرێت. قازی محەمەد وەکو کەسایەتییەکی ناوچەکە دەبێتە ئەندامی ژێکاف و نازناوی بینایی پێدەدرێت.

هاوکات، هێزەکانی سۆڤیەت لە ناوچەکە بڵاوەیانکردبوو و ئێران دەسەڵاتی بەسەر ناوچەکەدا نەمابوو. کاتێک زەبیحی بۆ کاروبارەکانی دەرکردنی گۆڤاری نیشتمان دەڕوات بۆ تەورێز دەگیرێت و بۆ نزیکەی حەوت مانگ زیندانی دەکرێت. لەو ماوەیەدا قازی محەمەد و ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ناوچەی مەهاباد و دەوروبەری سەردانی شاری باکۆی ئازەربایجان دەکەن و لەگەڵ باقرۆف سەرۆکی ئەو کاتی ئازەربایجان کۆدەبنەوە.

بەگوێرەی هەلومەرجی ئەو سەردەمە و لەسەر داوای سۆڤیەت ناوی ژێکاف دەگۆڕدرێت بۆ حیزبی دیموکراتی کوردستان. ئەو کەسایەتییانە لە 2ی رێبەندانی 1325ی هەتاوی بەرامبەر بە 22ی کانوونی دووەمی 1946 کۆماری کوردستانیان دامەزراند و قازی محەمەد وەک یەکەم سەرۆککۆماری کورد لە مەهاباد هەڵبژێردرا.

 کۆماری کوردستان شارەکانی بۆکان، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت و نەغەدەی لە خۆگرتبوو و لە باشوورەوە تاوەکو نزیک شارەکانی بانە و سەقز درێژ دەبوویەوە. بەشێک لە عەشیرەت و کەسایەتییەکانی ورمێ و خۆی و سەڵماس لە کۆماردا بەشداربوون.

کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی قازی محەمەد 13 وەزارەتی هەبوو، حاجی بابە شێخ، سەرۆکوەزیرانەکەی بوو. کۆمارەکە ئاڵای تایبەت بە خۆی و هێزی بەرگریی هەبوو. لە سەردەمی کۆماردا رادیۆی کوردی لە مەهاباد دانرا، چاپخانە هێنرایە مەهاباد و رۆژنامەی کوردستان، گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵان و ژمارەیەک کتێب و بڵاوکراوە چاپکران. یەکێتیی ژنان و ژمارەیەک رێکخراویش دروستکران و شانۆنامەی بە ناوبانگی دایکی نیشتمان نمایشکرا.

لەگەڵ کۆتایهاتن بە جەنگی جیهانیی دووەم و رێککەوتنی نێوان ئێران و سۆڤیەت، هێزەکانی سۆڤیەت لە ئێران کشانەوە و ئێران دەستی بە لەشکرکێشی بۆ ناوچەکانی ئازەربایجان و مەهاباد کرد. هێزەکانی ئێران سەرەتا کۆماری ئازەربایجانیان لە تەورێز رووخاند و دواتر سوپای ئێران لە 15ی کانوونی یەکەمی 1946 شارى مەهابادیان کۆنترۆڵکرد، و لە دوای 11 مانگ، لە 17ی کانوونی یەکەمی 1946 دا کۆتاییان بە کۆماری کوردستان هێنا.

هێزەکانی ئەو کاتی ئێران دەستیان بەسەر دامەزراوەکانی کۆماری کوردستان و چاپخانەی کوردستاندا گرت و کتێب و نووسراوە کوردییەکانیان کۆکردەوە و قازی محەمەد و هاوڕێکانیان دەستگیرکردن.

لەسەر بڕیاری شای ئێران، قازی محەمەد و هاوڕێکانی دادگایی کران، بە تۆمەتی جۆراجۆری وەک هەوڵ بۆ پارچەکردنی ئێران و راگەیاندنی کۆماری کوردستان، سزای لەسێدارەنیان بۆ دەرکردن و لە بەرەبەیانی رۆژی 10ی خاکەلێوەی 1946ی هەتاوی، قازی محەمەد لە تەمەنی 54 ساڵیدا لەگەڵ سەدری قازی و سەیفی قازی لە گۆڕەپانی چوارچرا و لە شوێنی راگەیاندنی کۆماری کوردستان لەسێدارەدران.

تەرمی قازی و هاوڕێکانی، لەلایەن بەشێک لە خەڵکی مەهابادەوە گواسترانەوە بۆ گۆڕستانی مەلا جامی و لەو گۆڕستانەدا بەخاکسپێردران و تاوەکو ئێستاش مەزارەکەی بووەتە رووگەی زۆربەی ئازادیخوازانی کورد.