ڤینسنت ڤان گۆخ.. شێوەکاری شەوەزەنگ و کزەخۆر

ڤینسنت ڤان گۆخ یەکێکە لە باشترین شێوەکارەکانی وڵاتی هۆڵەندا و جیهان، خاوەنی شێوازێکی پاش ئیمپرێشیۆنیستی بووە و تەنها لەماوەی دەیەیەکدا بەنزیکەیی دوو هەزار و 100 تابلۆی کێشاوە، کە 860 دانەیان بە رۆنی زەیتی سەر کانڤاس بووە، زۆرترینیان لە دوو ساڵی کۆتایی ژیانی کێشراون.

وێڕای ناوبانگەکەی، گۆخ لەماوەی ژیانیدا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە و کەس گرنگی بە کارەکانی نەداوە، حەوت مانگ پێش مردنی، یەک تابلۆی فرۆشتووە بە نرخێکی کەم.

پێش ئەوەی ببێت بە شێوەکار، لە پلانیدا بووە لە قوتابخانەی ئاینیی بخوێنێت، ناچار کراوە زمانی لاتینی فێرببێت، بەڵام رەتی کردووەتەوە وانە لاتینییەکان وەربگرێت، پێیوابووە لاتینی زمانێکی مردووی سەر زاری جوتیارەکانە، بەم هۆکارەش لە قوتابخانەی ئاینیی کراوەتە دەرەوە.

لەکۆتایی بیستەکانی تەمەنیدا دەستی داوەتە نیگارکێشی، پێشووتر وەکو فرۆشیاری هونەریی، لەلای مامی کاری کردووە.

گۆخ ناوی لە برایەکییەوە وەرگرتووە، کە ساڵێک پێش لەدایکبوونی ئەم هونەرمەندە، کۆچیدوایی کردووە، هەرکات سەردانی گۆڕەکەی کردووە، ناوی خۆی لەسەر کێلەکەی بینیوەتەوە.

گەورەترین سەرکەوتن و مانەوەی ناوبانگ و کارە هونەرییەکانی گۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و ویستی براژنەکەی بەناوی یۆهانا، کە جەختی لە پاراستن و هێشتنەوەی کارەکانی گۆخ کردووەتەوە.

برا گەورەی شەش منداڵ بووە، برا بچوکەکەی بەناوی تیۆ، بووە بە بازرگان و فرۆشیاری کاری هونەریی، کە لە دەرئەنجامدا تاقە پاڵپشت و سەرخەری کارە هونەرییەکانی براکەی بووە.

یەکێک لە دیارترین کارە هونەرییەکانی بەناونیشانی "Starry Night" لە ناوەندێکی دەروونییدا کێشاوە، لە قۆناغێکدا کە دوچاری بارگرانییەکی توندی دەروونی ببوو.

گۆخ خاوەنی شێوازێکی توندی مشتومڕ بووە، خۆی لە هونەرمەندانی دیکە جیاکردووەتەوە، ئەمەش وای کردووە کەسایەتییەکی سەخت و دژوار و گرانی هەبێت، هاوکات، باوەڕێکی گەورەی بە خۆکردنە قوربانیی هەبووە.

لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، دۆخی دەروونی گۆخ بەشێوەیەکی بەرچاو روو لە هەڵدێر دەکات و بارگرانییەکی گەورەی دووچار دەبێت، بەگوێرەی زانیارییەکان، لەم قۆناغەدا، دەستی داوەتە خواردنی رەنگ و زەیتەکانی، هاوکات، زۆرینە وادەزانن، گۆخ گوێی چەپی خۆی بەتەواوەتیی بڕیوە، بەڵام لە راستییدا، تەنها نەرمایی گوێچکەی لێکردووەتەوە.

لە کۆتایی ژیانیدا، دانیشتوانی کۆمەڵگەی ئارلێس، کە تیایدا گۆخ ژیاوە، دەنگیان کۆکردووەتەوە بۆ دوورخستنەوەی ئەم هونەرمەندە و ئاماژەیان بەوە داوە مەترسییە بۆسەر بیرکردنەوەی تاکەکان، بەم هۆکارە، دەستبەرداری ژیانی ناو کۆمەڵگە بووە و لە ناوەندی سەرپەرشتییدا خۆی بینیوەتەوە.

لەتێکڕای ژیانە هونەرییەکەی خۆیدا، تەکنیک و شێوازی نیگارکێشیی و خەیاڵدانی خۆڕسک بوون، هیچ وانەیەکی راستەقینەی هونەریی نەدیوە و لە کۆتایی تەمەنیدا، بۆ ماوەی چوار مانگ وانەی هونەری وەرگرتووە و پاش ماوەیەکی کەم کۆچیدوایی کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی خانەی سۆسەبی، ڤینسنت فان گۆخ خۆی کوشتووە، فیشەکێکی ناوە بە سەر سینەی خۆیەوە، بەڵام پێکانێکی راستەوخۆ نەبووە و پاش 30 کاتژمێر لە ئازار و ئێشی برینداربوون، رێکەوتی 29ی تەممووزی 1890، لە تەمەنی 37 ساڵییدا کۆچیدوایی کردووە.

پاش مردنی، زۆرینەی کارە هونەرییەکانی گۆخ لەناوچوون، بەشێکی زۆر لەوانەی کە خاوەندارێتیی تابلۆکانیان کردووە، بە کۆکراوەی بێبەها لێیان رووانیوە و گومان وایە دایکی یەکێک بووە لەوانەی کۆمەڵەیەکی گەورەی لە هونەرەکەی لەناوبردبێت.