عەبدلحەلیم حافز.. بولبولە خۆشخوێنەکەی نیل
گۆرانیبێژ، ئەکتەر، رابەری موزیک و بازرگان بووە، یەکێکە لە دیارترین هونەرمەندەکانی مێژووی عەرەب و وڵاتی میسر، هاوتای ئوم کەلسوم، محەمەد عەبدولوەهاب و فەرید ئەترەش، ناوی بە مەزنیی تۆمارکراوە، عەبدلحەلیم حافز، رێکەوتی 30ی ئازاری 1977، کۆچیدوایی کردووە.
عەبدلحەلیم عەلی شەبانە، ناسراو بە عەبدلحەلیم حافز، رێکەوتی 21ی حوزەیرانی 1929، لە ناوچەی ئیلحەلاوات، 80 کیلۆمەتر لە باکوری قاهیرەی پایتەختی میسر لەدایکبووە، خاوەنی دوو برا و خوشکێک بووە، سێ رۆژ پاش لەدایکبوونی، دایکی کۆچیدوایی کردووە، ئەمەش وای کردووە کەسانی دەوروبەری باوەڕ بەوە بهێنن کە عەبدلحەلیم بەختی خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت، پاش چەند مانگێک، باوکیشی لەدەست دەدات و خۆی و خوشک و براکانی هەتیو دەکەون، بۆ ساڵانێکی زۆر لە خانەی بێسەرپەرشتان گەورە دەبێت و پاشان مامی لە قاهیرە ئەرکی بەخێوکردنیان دەگرێتە ئەستۆ، لەم قۆناغەدا، عەبدلحەلیم، هەژارییەکی زۆر توندی بەخۆوە بینیوە.
لە قۆناغی سەرەتاییدا، توانا هونەرییەکانی عەبدلحەلیم دەردەکەون، ئیسماعیل شەبانەی برای، یەکەم مامۆستای موزیکی بووە، لە تەمەنی 14 ساڵییدا، دەستی بە خوێندن کردووە لە پەیمانگەی موزیکی عەرەبیی قاهیرە، بە گوتنەوەی گۆرانییەکانی محەمەد عەبدلوەهاب ناوبانگی پەیداکردووە.
لە قۆناغی سەرەتای پیشە هونەرییەکەیدا، وەکو مامۆستای موزیک وانەی گوتووەتەوە، هاوکات لە یانەکانی قاهیرە گۆرانی گوتووە، لەمیانی گۆرانی گوتنی لە نمایشێکی موزیکیی رادیۆی قاهیرە لە ساڵی 1953، حافز عەبدلوەهاب، سەرپەرشتیاری پرۆگرامی موزیکی رادیۆی نیشتمانیی میسر گوێبیستی دەبێت و سەرپەرشتیی دەکات، پاشان یەکەم ناوی ئەم کەسایەتییە دەکات بە نازناوی خۆی و ناوی خۆی دەنێت: عەبدلحەلیم حافز.

ئەم هونەرمەندە دەنگخۆشە، خاوەنی شێوازێکی تایبەت و جیاوازی گۆرانیی گوتن بووە، سەرەتا شێوازەکەی رەتکراوەتەوە، بەڵام جەختی لە توانا و ویستەکانی خۆی کردووەتەوە و توانی بچێتە ناو دڵی هەموو تاکێکی میسری و بە گۆرانیبێژە رۆمانسییەکەی میسر ناوی دەرکرد.
لەگەڵ محەمەد عەبدلوەهابی هونەرمەند، چەندین گۆرانی رۆمانسی تۆمارکردووە و توانی ناوبانگێکی گەورەیان پێ بەدەستبهێنێت، لە دیارترینیان: ئەهواک، فاتەت گەنبنا و زەی ئەلهەوا.
بەشێوەیەکی گشتی، عەبدلحەلیم وەکو گۆرانیبێژی نمایشە راستەوخۆکان و کۆنسێرتەکان کاری کردووە، کەمترین ئەلبومی موزیکیی بەرهەمهێناوە، خاوەنی توانا ژەنینی ئامێرەکانی، درەمس، ئۆبۆ، پیانۆ، عود، کلارینێت و گیتار بووە، لە تێکڕای دانانی ئاوازی موزیکەکانیدا بەشداریی کردووە، توانیویەتی لە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبییدا کۆنسێرت ئەنجامبدات و لەلایەن هەمووانەوە ستایشکراوە، هاوکات، لە چەندین وڵاتی ئەوروپییشدا چالاکیی هەبووە، چەندین گۆرانی نیشتمانیی و نەتەوەیی بۆ میسر، لوبنان، سوریا، تونس، جەزائیر و مەغیب گوتووە لەمیانی شۆڕش و جەنگەکانیاندا، پاڵپشتێکی گەورەی هونەرمەندە گەنجەکانیش بووە.

لە وڵاتی میسر، عەبدلحەلیم بە پادشای موزیک، کوڕی نیل، دەنگی خەڵک، کوڕی شۆڕش و پادشای هەستەکان ناسراوە، ساڵی 2011، لەمیانی شۆڕشی میسردا، زۆرینەی شۆڕشگێڕەکان جەختیان لەوە دەکردەوە، گۆرانییەکانی عەبدلحەلیم، ئیلهامبەخش و هاندەرێکی گەورە بوون بۆ بەرەوپێشچوون و جەختکردنەوە لە مافەکانیان.
عەبدلحەلیم لەماوەی ژیانیدا هاوسەرگیریی نەکردووە و خاوەنی خێزانی تایبەت بە خۆی نەبووە، ساڵی 1969، نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی هەژار و نەدارەکان دەکاتەوە و بەبێ جیاوازیی رەگەز و چین و توێژ خزمەتگوزاریی پێشکەشکردووە.

لە ناوەڕاستی ژیانیدا، دوچاری نەخۆشیی جگەر دەبێت و ساڵی 1956 لە ئاکامی خوێنبەربوونی گەدەی هەستی پێدەکات، لەماوەی ژیانیدا بەدەست ماکەکانی نەخۆشییەکەوە دەناڵینێت و ئازاری دەدات، لە دەرئەنجامدا، پاش تێپەڕینی 21 ساڵ، رێکەوتی 30ی ئازاری 1977، لە تەمەنی 47 ساڵییدا بە لەکارکەوتنی جگەر کۆچیدوایی دەکات و لە گۆڕستانی بەساتینی قاهیرە بەخاک سپێردراوە.

لەمیانی تەعزێبارییەکەیدا، ملیۆنان کەس لە میسر دەرژێنە سەر شەقامەکان و هەمووان بۆ کۆچیدوایی ئەم هونەرمەندە مەزنە ماتەمینییەکی گشتی رادەگەیەنن و هەواڵی مەرگی هەمووان لە ئاستی جیهانی عەرەبییدا دەتاسێنێت، بەگوێرەی گوتەی مێژوونووسان، ئەو ماتەمینییەی بۆ مردنی عەبدلحەلیم حافز رێکخراوە، لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێهاوتا بووە و هیچ کەسایەتییەکی هونەری و بەناوبانگ بەم چەشنە مردنەکەی کاریگەریی دروستنەکردووە بەهۆی تاسانەوە، ژمارەیەک لە هەوادارەکانی خۆیان کوشتووە.
لەتێکڕای ژیانە هونەرییەکەیدا، عەبدلحەلیم توانیویەتی زیاتر لە 300 گۆرانی تۆماربکات و لە 16 فیلمی کلاسیکیی میسرییدا رۆڵیگێڕاوە، هاوتای بەشداریکردن لە فیلمە دەلیلە، کە لە مێژووی سینەمای رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، یەکەم فیلمی رەنگاورەنگە.
30/03/2024