سەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵیی گوندێکی کەرکوک لەپلانی کشتوکاڵی بێبەشدەکرێن

پەیکەرى پێشمەرگە لەشارى کەرکوک.
پەیکەرى پێشمەرگە لەشارى کەرکوک.

بۆ ئەمساڵ 17 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی گوندی تۆپزاوای پارێزگای کەرکوک، نەخراوەتە ناو پلانی کشتوکاڵییەوە.

ساتع ناسیح، نوێنەری جوتیارانی کوردی گوندی تۆپزاوا بەکەناڵ هەشتی راگەیاند، ساڵانی رابردووش هەمان گرفتمان هەبووە و ئەمساڵیش بەهەمانشێوە، زەوییە کشتوکاڵییەکانی جوتیارانی کورد و تورکمان نەکراونەتە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی کەناڵ هەشت، هۆکاری نەبوونی ئەو زەوییە کشتوکاڵییانە لەچوارچێوەی پلانی کشتوکاڵی، بۆ کێشەی خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە، بەم هۆیەشەوە لەتەواوی هاوکارییەکانی حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بێبەشدەکرێن وەکو پێدانی پێداویستییەکانی چاندن و کشتوکاڵ.

بەگشتی لەسنووری پاريزگای کەرکوک، زیاتر لە ملیۆنێک و دووسەد هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی کێشەی موڵکدارییان لەسەرە بەهۆی دوو بڕیاری سەردەمی بەعس، لەم ژمارەیە 900 هەزار دۆنمیان بەهۆی بڕیارەکانی مەجلیسی قیادە سەورە و300 هەزاردۆنمیش بەهۆی بڕیارەکانی لیژنەی شئون شیمال.