تەقینەوەیەک لە حەلەب روویدا و کوژراو و بریندار هەیە
لە شاری ئەعزاز، سەربە حەلەب لەسووریا، تەقینەوەیەک روویداوە و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە لە دەرعاش دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراون.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، "تەقینەوەیەک لە بازاڕێکی میللی لە شارى ئەعزاز روویداوە و کوژراو و بریندار هەیە".
بەگوێرەی میدیای ناوخۆیی لە سوریا، تەقینەوەکە لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە بووە و ئامارە سەرەتاییەکان باس لە کوژرانی 6 کەس و بریندار بوونی 20ی دیکە دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، روانگەکە بڵاویکردووەتەوە، شەوی شەممە، لەگەڵ سووڕانەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی ناوچەکە، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ریفی درعا بیستراون.
باسلەوەشکراوە، تاوەکو ئێستا زیانی تەقینەوەکان نەزانراون، زانیاریشیان بەدەستنەگەیشتووە لەبارەى ئەو ناوچەیەی کراوەتە ئامانج.
روانگەی سووری ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەى ئامارەکانیان لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە، ئیسرائیل 29 هێرشی ئاسمانی و زەمینی لە سووریا ئەنجامداوە و 56 ئامانجی بۆردوومانکردووە.
باسیلەوەشکردووە "لەئەنجامی هێرشەکاندا 114 کەس کوژراون و 47 کەسی دیکەش برینداربوون"
لەبارەى ناسنامەی کوژراوەکان، روانگەکە رایگەیاندووە "14 کەسیان هەڵگری ناسنامەی ئێرانی بوون و لە ریزەکانی سوپای پاسداران کاریانکردووە، 20 چەکداری حیزبوڵڵای لوبنانی، 12 عێراقی،21 سووری کە ئەندامی گرووپە چەکدارەکان بوون، 9 کەسی دیکە کە ناسنامەی وڵاتانی جۆراوجۆر بوون".
باسیلەوەشکردووە "لەو هێرشانە، 13یان لە دیمەشق و 8 هێرشی لە درعا، 3 لە حمس، 2 هێرش لە قەنیتەرە، 1 هێرش لە تەڕتووس، 1 هێرش لە دێرەزوور و هێرشێک لە حەلەب".
30/03/2024