رۆژانە 32 ملیۆن لیتر بەنزین لە عێراق بەکاردەهێنرێت

ئامێرێکى تێکردنى بەنزین لە بەنزینخانە. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
ئامێرێکى تێکردنى بەنزین لە بەنزینخانە. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانى عێراق رایگەیاند، 18%ـى عێراقییەکان بەنزینی موحه‌سه‌ن و سوپەر بەکاردەهێنن، کۆی بەکارهێنانی رۆژانەی بەنزینیش بە هەموو جۆرەکانیەوە دەگاتە 32 ملیۆن لیتر.

حسێن تاڵیب، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانى عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، بەنزینی ئاسایی (نۆرماڵ) کە نرخى هەر لیترێکى 450 دینارە، 82%ـى کۆی بەکارهێنانی رۆژانە پێکدەهێنێت، ئەوەی بەردەستە لەلایەن پاڵاوگەکانی  نیشتمانییه‌وه‌ بەرهەمدەهێنرێت، لەگەڵ زیادکردنی بڕی هاوردەکراوی تێکەڵکراو لەگەڵیدا.

گوتیشى، ساڵی رابردوو رۆژانە 14 بۆ 15 ملیۆن لیتر بەنزینیان هاوردەکردووە، تێچووی لیترێکیش لەم جۆرە بەنزینە نزیکەى هەزار دینار بووە، بەڵام ئێستا 800 بۆ 850 دینارە، ئەمساڵ بەرهەمى پاڵاوگەی کەربەلا بەکاردەهێنرێت و تەنیا نیوەى ئەو بڕەى ساڵى رابردوو هاوردە دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانى عێراق راشیگەیاند، دەوڵەت هێشتا پاڵپشتی بەرهەمە نەوتییەکان دەکات، بەڵام ئێستا پاڵپشتییەکە بۆ شۆفێری تەکسی دەبێت لە رێگەی بەنزینی ئاساییەوە، کە بە نرخی 450 دینار بۆ هەر لیترێک دەفرۆشرێت.

روونیشیکردووەتەوە، "80%ـى بڕی بەنزینی موحه‌سه‌ن لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردە دەکرێت و کۆی بەکارهێنانی دەگاتە نزیکەی 4.5 ملیۆن، لە لوتکەی بەکارهێنانیشدا لە وەرزی هاویندا دەگاتە پێنج ملیۆن لیتر، بەنزینی سوپەریش بەتەواویی هاوردە دەکرێت و نرخی هەر لیترێکیش نزیکەی هەزار و 400 دینارە.