قەبارەی ئاوی دەریاچەی ورمێ 170 ملیۆن مەتر سێجا زیادیکردووە

دەریاچەى ورمێ. 
فۆتۆ: میهر نیوز
دەریاچەى ورمێ. فۆتۆ: میهر نیوز

بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگاى ورمێ رایگەیاند: بەراوورد بە ساڵی رابردوو، قەبارەى ئاوی دەریاچەی ورمێ 170 ملیۆن مەتر سێجا زیادیکردووە، کۆی گشتی قەبارەی ئاوی دەریاچەکە گەیشتووەتە یەک ملیار و هەزار و  150ملیۆن مەتر سێجا.

میهرەنگ رەزایی، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگاى ورمێ رایگەیاند: بەهۆی بارانبارینی بەهار و بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکان، ئاستی ئاوی دەریاچەی ورمێ گەیشتووەتە 170 ملیۆن مەتر سێجا، ئێستا ئاستی ئاوەکە 51 سانتیمەتر بەرزترە بەراوورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.

رەزایی دەڵێت: لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2023وە تاوەکو سەرەتای مانگی نیسان 250 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکانی پارێزگای ورمێ هاتووەتە ناو دەریاچەی ورمێ.

بەڕێوبەری لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگاى ورمێ ئاماژەی بەوەشکرد، رووبەری دەریاچەی ورمێ ئێستا هەزار و 300 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، کە بەراوورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 170 کیلۆمەتر چوارگۆشە زیادیکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشووتر محەمەد سادق موعتەمەدیان، سکرتێری گروپی کاری نیشتمانی بۆ نۆژەنکردنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاند: ساڵانە 51 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بەدوو قۆناغ بە درێژایی 22.5 کیلۆمەتر دەگوازینەوە بۆ دەریاچەکە.

قۆناغی یەکەمی لە رێگای بەنداوی چەپرئاباد بوو قۆناغی دووەمیش بەردانەوەی ئاو بە بڕی 20 ملیۆن مەترسێجا لە بەنداوی مەهابادەوە بۆ دەریاچەی ورمێ بوو.

موعتەمەدیان دەشڵێت: یەکێک لە هۆکارە سەرەکی و ناوەندییەکانی وشکبوونەوەی دەریاچەی ورمێ و پەرەسەندنی ناهاوسەنگی زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری دەریاچەکە بووە، بە جۆرێک لە 20 ساڵی رابردوودا رێژەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە دەوروبەری دەریاچەکە لە 360 هێکتارەوە بۆ زیاتر لە 600 هەزار هێکتار زەوی زیادیکردووە.

دەریاچەی ورمێ، گەورەترین دەریاچەی سوێری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، پێشتر رووبەری دەریاچەکە پێنج هەزار و 200 کیلۆمەتر چوارگۆشە بووە، بەڵام لە ساڵی 2022وە %80 ئاوەکەی کەمیکردووە.