بەغداد 130 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نارد

دیناری عێراقی، فۆتۆ: کەناڵ8
دیناری عێراقی، فۆتۆ: کەناڵ8

وەزارەتی دارایی عێراق 130 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆران نارد و بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "هەفتەی داهاتوو بەغداد بەشی دووەمی پارەی مووچەخۆران دەنێرێت."

مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، دوای ناردنی 130 ملیار دینار لە بەغدادەوە، رۆشتوون بۆ وەرگرتنی پارەکە، "بەڵام کێشەیەکی تەکنیکی هەیە و هەرکاتێک چارەسەرکرا، پارەکە وەردەگرین".

گوتیشی، "هەفتەی داهاتوو، بەغداد بەشی دووەم و تەواوی پارەی مووچەخۆران دەنێرێت و پارەکە دەخرێتەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی."

هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لیستی مووچە ئامادەیە و پێش جەژن دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیانکردووە بە ناردنی پارەی مووچەی مانگی ئازاری تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازیی و خانەنشینانەوە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتووە "لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە رەزامەندیی وەزیری دارایی عێراق و بنەما لەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی، فەرمانگەی ژمێرکاریی، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکانی کەمئەندامان، تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی، مووچەی خانەنشینانی شارستانى، سەربازیی و شایستە داراییەکانی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و گرێبەستەکان و شایستەکانی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان، لەچوارچێوەی شایستە داراییەکانی مانگی ئازاری 2024 خەرجکراوە".

ئاماژەبەوەشکراوە "وەزارەتی دارایی، دادگای باڵای فیدراڵى و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی ئاگادارکردووەتەوە سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی سوودمەندانی مانگی ئازار، لەبەرئەوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەخۆران کاتی پێویستە".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆ، سەبارەت بە راستی و درووستی زانیاریی ئەو داتایانەی پێشکەشی دەکات".