جان تۆماس جانۆ.. گەڕیدەیەک لە قوتابخانە موزیکییەکانی کوردستاندا
هونەرمەند و موزسیانێکی دیاری کوردە، لە چەندین ناوەندی هونەریی و موزیکیی شارەکانی هەرێمی کوردستاندا، ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە، جان تۆماس جانۆ، rێکەوتی چواری نیسانی 1947 لەدایکبووە.
پەیمانگەی مامۆستایانی تەواوکردووە
جان تۆماس جانۆ، قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنی بە سەرکەوتوویی لە خوێندنگەکانی شاری کۆیە تەواوکردووە، خوێندنی ئامادەیی لە هەولێر تەواوکردووە و لە شاری سلێمانی، لە پەیمانگەی مامۆستایان دەرێژەی بە خوێندن داوە.
ئەندامی "تیپی مۆسیقای باواجی" بووە
ساڵی 1957، کاتێک هونەرمەند و مامۆستای موزیک، ئەندریۆس ئیسرائیل خەممۆ باکووری، گەڕاوەتەوە بۆ کۆیە، وەکو مامۆستای ئینگلیزی لە ناوەندی کوڕانی کۆیە دامەزراوە، کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لە دەرخستنی توانای موزیکیی خوێندکارەکان، تیپێکی موزیکیی بەناوی "تیپی مۆسیقای باواجی" دروستکردووە و منداڵەکانی بە ئامێرە موزیکییەکان ئاشنا کردووە و جان تۆماس یەکێک بووە لەو منداڵانەی لەسەر دەستی باکووری، ئاشنای ژەنین و موزیک بووە و بە دەف، ڕاهێنانی کردووە.

کاری لەگەڵ تیپی موزیکی سلێمانی کردووە
هونەرمەند و فێرکاری موزیکی، ویلیەم یوحەننا، نزیکایەتیی لەگەڵ جان تۆماسدا هەبووە، لە قۆناغی خوێندنی لە پەیمانگەی مامۆستایانی سلێمانی، لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، ماوەی دوو ساڵ، وەکو خوێندکاری موزیک لەسەر دەستی ویلیەم یوحەننا فێری موزیک و نۆتەکان بووە، لەم قۆناغەوە ئامێری کەمانی ژەنیوە، بە گوتەی هاوڕێ و کەسانی نزیکی ئەم هونەرمەندە، توانیویەتی بەشێوەیەکی زۆر باش، ئامێرەکە بژەنێت و ماوەی چەند ساڵێک لەگەڵ تیپی موزیکی سلێمانی کاری هونەریی ئەنجامداوە.
پیشە هونەرییەکەی لە هەولێر
پاش بەدەستهێنانی بڕوانامە لە شاری سلێمانی، جان تۆماس گەڕاوەتەوە شاری هەولێر، لە شارۆچکەی هاودیان دامەزراوە و ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە، لەکاتێکیشدا دانیشتووی شاری هەولێر بووە، ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە بەڕێوەبەردنی تیپی موزیکی باواجی شاری کۆیە، یەکێک بووە لە ئەندامە کاراکانی ئەم تیپە و لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا کاری هونەریی ئەنجامداوە، لە تیپە موزیکییەکانی هەولێر و خانزادیشدا کاری گەورەی ئەنجامداوە.

بەگوێرەی خشتەی تێپەڕینی کات و ژیاری هونەریی، جان تۆماس بەم جۆرەی خوارەوە، کاری لە هونەردا کردووە و موزیکی کردووە بە ئیلهامبەخشی سەرەکی ژیانی:
ساڵی 1966 بۆ 1968، هونەرمەند لە تیپی موزیکی سلێمانی
ساڵی 1972 بۆ 1974، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی تیپی موزیکی باواجی کۆیە
بەهاری 1974، بەشداریی لە یەکەم فێستیڤاڵی هونەری کوردی شاری بەغداد
ساڵی 1976 بۆ 1979، تیپی موزیکی "جۆزێف تریۆ"ی لەگەڵ "یوسف باکووری" دامەزراندووە
ساڵی 1977 بۆ 1980، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی تیپی موزیکی هونەری هەولێر
ساڵی 1980 بۆ 1984، سەرپەرشتیاری تیپی موزیکی خانزاد

پۆست و پلەی هەبووە
چەندین پۆست و پلەی دیاریکراویشی پێبەخشراوە، لەوانە: کارمەند لە بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر، ئەندامی دەستەی کارگێڕی ئۆرکێسترای کوردستان، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی لقی هەولێر و دواتر لە ساڵی 2001 بووە بە سەرۆکی سەندیکاکە.
بەرهەمی نووسراویشی هەیە
لە ئاستی خزمەتکردنی موزیک بە بڵاوکردنەوەی وتار و نووسراو، خاوەنی چەندین وتار و بەرهەمی جیاوازە، کتێبی "رەمزەکانی مۆسیقای کوردی" لە ساڵی 1998 نووسیوە، بە گوتەی پایەدار بەرزنجی، وێڕای ژەنینی کەمان، جان تۆماس درەمەرێکی باش بووە، لە یەکەم تیپی ڕۆژئاوایی شاری هەولێر، ژەنیاری درەم بووە و ساڵی 1980، بەهۆی شارەزاییەکەی لە موزیکی ڕۆژئاوایی، تیپێکی موزیکیی ڕۆژئاوایی لە یەکێتیی ئافرەتان دامەزراندووە.

جان تۆماس، موزیکی بۆ چەندین گۆرانیی دیاری کوردی داناوە، لە دیارترینیان: هەموو ڕۆژێ لەبەر سەیری بتی ئەو بەژن و باڵایە لەسەر رێ ئەوەستم هەتاکو ئاوی پێم دایە، بۆ کچێکی شۆخ، زۆر قژی زەرد سەرنجی ڕاکێشاوم.
ڕێکەوتی شەشی تەمموزی 2023، جان تۆماس جانۆ، لە تەمەنی 76 ساڵیدا، پاش ماوەیەک لە ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، کۆچ یدوایی کردووە و لە شاری هەولێر، بەخاک سپێردراوە.

3 کاتژمێر پێش ئێستا