نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری بەغداد دەکات و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەند لایەنێکی سیاسی دیکە کۆدەبێتەوە.

پەیامنێری کەناڵ8 لە بەغداد رایگەیاند، وا بڕیارە رۆژی شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری بەغداد سەرەتا لەگەڵ عەبدولـلەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆببێتەوە و دوانیوەرۆی هەمان رۆژیش لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆببێـتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شاندێکی لە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵدایە و لەکۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێدەکەن.

هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانە، پرسەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت و  مووچە و بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێکی دیکەیە لەو تەوەرانەی لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

هاوکات فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتى هەرێمی کوردستان لە بەغداد، لەبارەی سەردانەکەوە، گوتی: "بڕیارە سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەشدار بێت لە کۆبوونەوەى هاوپەیمانیی ئیدارەى دەوڵەت و لەگەڵ بەشێک لە لایەنە سیاسییە عێراقییەکانیش کۆببێتەوە.

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لەکاتێکدایە، وا بڕیارە محەمەد شیاع سودانی، لە 15ی ئەم مانگەدا سەردانی واشنتن بکات و  چەندین دۆسیەی ناوخۆیی  عێراق و ناوچەیی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ بکات،کە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد یەکێکن لەو دۆسێیانە.